میدیاکانی ئێران: وازهێنان لە خوێندن گەیشتووەتە بەرزترین ئاست

دیمەنی قوتابخانەیەکی پارێزگای سیسان بەلوچستان لە ئێران
دیمەنی قوتابخانەیەکی پارێزگای سیسان بەلوچستان لە ئێران

K24 - هەولێر

رێژەی وازهێنان لە خوێندن لە ئێران لە نێو قوتابیانی قۆناغەکانی بنەڕەتی و ناوەندیدا زیادی کردووە، بەگوێرەی ئامارەكان 175,000 قوتابی لە قۆناغی بنەڕەتی و 216,000 قوتابی لە قۆناغی ناوەندی وازیان لە خوێندن هێناوە.

میدیایەکی نێوخۆییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی وازهێنانی منداڵان و هەرزەکاران لە خوێندن، گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، هۆی سەرەکیش بێکاریی، قەیرانی دارایی و هەژارییە.

ڕۆژنامەی"دنیای اقتصاد" بڵاوی کردووەتەوە، ڕێژەی وازهێنانی قوتابیانیی قۆناغی بنەڕەتی لە 0.25٪  بۆ 1.2% زیاد بووە، هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 زیاتر لە 175,000 قوتابی لە قۆناغی بنەڕەتی وازیان لە خوێندن هێناوە کە یەکێک لە هۆ سەرەکییەکان، تەشەنەسەندنی هەژارییە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی رۆژنامەکە 30%  قوتابیان وازیان لە خوێندن هێناوە، ئەمەش دەری دەخات یەک لەسەر سێی خەڵکی ئێران توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نییە، کە کاریگەری لە سەر خوێندنی منداڵان دروست کردووە.

هەروەها تێکڕای وازهێنان لە خوێندنی قۆناغی ناوەندی بۆ ساڵی 2023-2024 لە 1.1%بەرزبووەتەوە بۆ  5.47%، ئەمەش بەرزترین ئاستی وازهێنانە لە خوێندنی قۆناغی ناوەندی.

محەمەد مەهدی کازمی، بریکاری خوێندنی ناوەندیی لە وەزارەتی پەروەردەی ئێران ڕایگەیاندووە، نزیکەی 216,000 قوتابی لە قۆناغی ناوەندی وازیان لە خوێندن هێناوە.

 زۆرترین ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانە، کە زۆرێک لە دانیشتوانی ئەو پارێزگایە لە ناوچەکانیاندا یان بینای قوتابخانەیان نییە یان لە نێو کەپردا دەخوێنن.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کەرتی پەروەردە لە ئێران دەردەکەوێت، جگە لەو قوتابیانەی وازیان لە خوێندن هێناوە، 18,000,000 کەس لەم چەند ساڵە دەرفەتی خوێندنی باشیان لەدەست داوە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، سیستمی پەروەردە لە ئێران بەدەست "قەیرانی جۆری و نادادپەروەری و شەرعیەت"ـەوە گرفتارە، ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی ئێران بە ناکارامە وەسف دەکات و بە هۆی دروستکردنی قەیرانی درێژخایەن لە سیستمی پەروەردە ناوزەدی دەکات.