ئیسرائیل مووشەکبارانی دیمەشقی کرد

وێنە، ئەرشیف
وێنە، ئەرشیف

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری سووریا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، ئیسرائیل چەند مووشەکێکی ئاراستەی ئامانجە سەربازییەکانی دەرەوەی دیمەشق کردووە و تەنها زیانی ماددی لێ کەوتووەتەوە.

وەزارەتی بەرگریی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "بەرگرییە ئاسمانییەکانی سووریا بەشێک لە مووشەکەکانی ئیسرائیلیان خستووەتە خوارەوە کە ئاراستەی دیمەشقی کردبوو".

ئاماژەی بەوەشکرد، مووشەکبارانەکە بۆ سەرشوێنە سەربازییەکان بووە  و تەنها زیانی ماددی هەبووە.

ئیسرائیل چەندان جار ڕایگەیاندووە؛ ڕێگە بە ئێران نادات ئامادەیی سەربازی خۆی لە سووریا جێگیر بکات.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پشتیوانیی تاران لە دیمەشق و گرووپی حزبوڵڵای لوبنانی وای لە ئیسرائیل کردووە بەردەوام بە ئامانجی سنووردارکردنی هێزی سەربازی ئێران هێرشی ئاسمانی بکات.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لە مانگی شوباتدا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، سوپای پاسداران ئەفسەرە باڵاکانی لە سووریا کەمکردووتەوە، پلانیشی داناوە کە زیاتر پشت بە گرووپە شیعەکانی هاوپەیمانی ببەستێت بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی.

هەفتەی ڕابردوو سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند؛ کە لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا نزیکەی 4500 ئامانجی حزبوڵڵایان لە لوبنان و سووریا کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوە 300 کەس لەچەکدارانی ئەو حزبەدا کوژراون و 750 کەسیش برینداربوونە.