بە هۆی بەفر و سەرما پرۆسەی خوێندن لە پارێزگای جۆلەمێرگ ڕاگیرا

K24 - هەولێر

پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی سنووری پارێزگاکەی گرتووەتەوە بڕیاریان داوە ئەمڕۆ سێشەممە، لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندنی پەروەردەیی بکرێتە پشوو.

پارێزگای جۆلەمێرگ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە شەوی ڕابردووەوە شەپۆلێکی چڕی بەفر و باران سەرتاسەری پارێزگاکەی گرتووەتەوە، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی مەترسیی هەستانی لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو بڕیاردرا ئەمڕۆ  لە سەرجە، دایەنگە، باخچەی ساوایان، ناوەندەکانی خوێندن بە هەموو قۆناغەکانەوە بکرێتە پشوو.

هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگا، بڕیاری ڕاگەیاندنی پشوو، ئەو کارمەندانەش دەگرێتەوە کە خاوەن پێداویستی تایبەتن هەرەوەها  ئافرەتانی دووگیان.

لە ڕۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی سەرما و بەفر و باران باکووری کوردستان و تورکیای گرتووەتەوە و بە گوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تورکیا، بەفربارین لە جۆلەمێرگ، وان و شرنەخ بەردەوام دەبێت.

هەروەها دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا بڵاوی کردبووەوە، شەپۆلێکی باران چەند ناوچەی تورکیا و باکووری کوردستان دەگرێتەوە، لە نێویاندا 10 پارێزگای باکووری کوردستان بەهۆی کاریگەرییەکانی سەرما و سۆڵەوە خراونەتە نێو لیستی زەردی کەشناسییەوە.