خەمیس خەنجەر لەبارەی بڕیارەکەی پارتی: دیالۆگ باشترین ڕێگەیە بۆ چارەکردنی کێشە سیاسییەکان

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادەی سوننی
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادەی سوننی

K24 - هەولێر 

سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادەی سوننی دەڵێت، دیالۆگ باشترین ڕێگەیە بۆ چارەکردنی کێشە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. جەختیش لەوە دەکاتەوە، پارتی، "پایەیەکی سەرەکیی پرۆسەی سیاسیی عێراقە".

ئەمڕۆ سێشەممە، 19-03-2024، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادەی سوننی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە.

خەمیس خەنجەر ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاری پارتی بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئاماژە بە کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق؛ "ئاییندەی وڵات دەخاتە مەترسییەوە".

 خەنجەر، لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕوونیکردووەتەوە، "دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بە بەشداریی هەموو هاوپەیمانەکان، تاکە و باشترین ڕێگەیە بۆ چارەکردنی کێشە سیاسییەکان".

سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادەی سوننی لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان پایەیەکی سەرەکییە لە پایەکانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق".

بڕیاری پارتی بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 

دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاوکردەوە.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونیکردووەتەوە، "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پڕۆسەی سیاسی دا".

مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نا دەستووری و نا دیموكراسی، و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستوور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی دەکرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستوریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".