بەهمەن عەبدوڵڵا: گشت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی حوکمڕانیی شیعەیە

بەهمەن عەبدوڵڵا، ئەندام پەرلەمانی پێشووی کوردستان
بەهمەن عەبدوڵڵا، ئەندام پەرلەمانی پێشووی کوردستان

K24 – هەولێر

ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دادگای فیدراڵی جگە لە لێدانی بەرژەوەندییەکانی کورد و قەوارەی هەرێم و هەندێک جاریش لە سوونە، بۆ جارێک لە شیعە و دەسەڵاتدارانی شیعەی نەداوە، هەموو ئەو بڕیارانەی کە دەری کردووە لە بەرژەوەندی حوکمڕانیی شیعە بووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئاداری 2024، بەهمەن عەبدوڵڵا، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، هەنگاوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرامبەر ئەو هەموو پێشێلکارییانەی کە  بەرانبەر خەڵکی کوردستان لەلایەن دادگا فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کراون، ئەگەر هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت خۆیان نەیانەوێت، دادگا ناتوانێت لەو کارانە وەربدات، پارتیش پەیامەکەی بۆ ئیدارەی دەوڵەتە  نەک بۆ ئەو دادگایە.

بەگوتەی ئەو: "ئەو دادگایە ناوی دادگای فیدراڵیە، بەڵام بۆ ئەوە دروست بووە فیدراڵیی  لە عێراق نەهێڵێت و عێراق بکاتە وڵاتێکی مەرکەزی و پێکهاتەیەکی دیاری کراو عێراق بەڕێوە ببات".

بەهمەن عەبدوڵڵا دەشڵێت: "ئەو دادگایە لەوەتەی هەیە، جگە لە لێدانی بەرژەوەندییەکانی  کورد و قەوارەی هەرێم و هەندێکجاریش لە سوونەش، بۆ هیچ جارێک لە شیعە و دەسەڵاتدارانی شیعەی نەداوە و هەموو ئەو بڕیارانەی کە دەری کردووە لە بەرژەوەندی حکومڕانیی شیعە بووە".

ڕاشیگەیاند، ئەوەی پارتی کردوویەتی مافێکی شەرعی خۆیەتی چونکە پارتی ڕێککەوتنی هەیە لەگەڵ حزبەکانی ئیدارە دەوڵەت و بە ڕێککەوتنی سیاسی نووسراو چووەتە ناو ئەم حکوومەتەوە. پێشتر زۆر لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی کوردییەوە گلەیی دەکرا کە  ڕێککەوتنەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تەنیا زارەکی بووە، ئەمجارە پارتی بۆ چوونە ژوورەوە لە حکومەتەکە هەمیش لە پێکهێنانی کابینەکەوە لەسەر پرۆسە یاسای بودجە و هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی دیکەش بە نووسراو هەیەتی و لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت ئەم ڕێککەوتنەیان مۆر کردووە، بەڵام رۆژ بە رۆژ لەم رێککەوتنەی کە کردوویانە پەشیمان دەبنەوە.

 دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاوکردەوە.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەرپرسیارییەتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و سەرجەم خاڵەکانی ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".

مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵیی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نادەستووری و نادیموكراسی و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکارییە  دەستوورییانەی  لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستووریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".