ماڵپەڕی ئاکسیۆس: ئیسرائیل و حەماس دەستیان بە دانووستان کردووە

K24 - هەولێر

دوو بەرپرسی ئیسرائیلی و سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایانگەیاندووە، ئیسرائیل و حەماس دەستیان کردووە بە دانووستان لەسەر وردەکارییەکانی ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەستی کاتی لە غەززە و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان.

ئەـڕۆ سێشەممە، دوو بەرپرسی ئیسرائیلی و سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ـی ئەمەریکیان ڕاگەیاند، ئیسرائیل و حەماس لەژێر فشاردان بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک کە تێیدا دەستگیرکراوان ئازاد بکرێن و ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە دەست پێبکات.

لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردووەوە، دانووستانەکان بە نێوەندگیری میسر و قەتەر لە چوارچێوەی دانووستانەکاندا بەردەوام بووە بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

ئاژاانسی هەواڵی جیهانی عەرەبی بڵاویکردەوە، هەوڵەکانی ئێستا لە هەفتەی ڕابردوو پێشکەوتنیان بەدەستهێنا کاتێک حەماس وەڵامی ڕێککەوتنێکی سەبارەت بە ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان دایەوە، کە لەلایەن ئەمەریکا و قەتەر و میسرەوە پێشنیاز کرابوو.

بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ناکۆکیی لە نێوان هەردوولادا هەیە، بەڵام وەڵامی حەماس ڕێگەکەی خۆش کردووە بۆ دانانی وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە.

ئەمەریکا پێشنیازی ئازادکردنی 400 بەندکراوی فەڵەستینی کردبوو، کە 15یان بە تاوانی کوشتنی ئیسرائیلییەکان سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، لە بەرامبەردا حەماس  40 بارمتە ئازاد بکات.

بەڵام پێنجشەممەی ڕابردوو، حەماس مەرجی ئازادکردنی 950 زیندانی دانا کە 150 زیندانییان سزای هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە.

بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس دەیەوێت ناوی ئەو زیندانییانە هەڵبژێرێت کە ئازاد دەکرێن، بەتایبەت ئەوانەی سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام ئیسرائیل ئەم داوایەی ڕەت کردەوە.

کاربەدەستانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە کە ئیسرائیل داوای وەرگرتنی لیستی ناوی گیراوانی زیندوو و گواستنەوەی ئەو زیندانییە فەڵەستینییانە دەکات کە ئازاد دەکرێن بۆ وڵاتێکی دیکە، بەڵام حەماس ئامادە نەبووە.

بەپێی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، گەورەترین داوای حەماس، کشانەوەی سوپای ئیسرائیلە لە باشووری شاری غەززە، چونکە ڕێگری دەکات لە گەڕانەوەی فەڵەستینییەکان بۆ باکووری کەرتی غەززە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانیشتنی دەستپێکی دانووستانەکان ڕایگەیاند کە "ئەرێنی" بووە و گوتی: "هەردوولا بە هەندێک سازش و ئامادەیی دانووستانەوە هاتوون".

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا کە خولی ئێستای دانووستانەکان دەتوانێت لانیکەم دوو هەفتەی بخایەنێت و ئاماژەی بەوەشکرد کە "پرۆسەیەکی درێژخایەن و قورس و ئاڵۆز دەبێت، بەڵام دەمانەوێت هەوڵبدەین ڕێکبکەوین".