داوا لە هاووڵاتییانی هەولێر دەکرێت بۆ کاری پێویست نەبێت، نەچنە دەرەوە

دیمەنێکی بارانبارین لە هەولێر
دیمەنێکی بارانبارین لە هەولێر

K24 - هەولێر 

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات، بۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە. دەشڵێت، لە کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆ تاکو کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە، بارانێكی به‌خوڕ و ته‌رزه‌ی زۆر دەبارێت.

بەپێی پێشبینی کەشناسی و شارەزایان، پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 2024.3.19، لە کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆ تاکوو کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە، بارانێكی به‌خوڕ و ته‌رزه‌ی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا لە سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری دەبارێت.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، لە کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تاکوو کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە، بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و نزیکى ڕووبار و ئەو شوێنانەش نەبنەوە کە ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە و ئاگاداری سه‌لامه‌تیی خۆیان بن، هەموو ئەو ڕێگا و شوێنانەشی کە پێشتر لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداریان سەبارەت بڵاوکراوەتەوە، ئوتۆمبێلەکانیان ڕانەگرن و بەکاریان نەهێنن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە  ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەر و ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو و ئیدارەدانی حاڵەتی ئەو ڕێژە بارانە زۆرەی ئەمڕۆ و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە".

وەکو ئەوەی خراوەتە ڕوو: "لە ماوەی ڕابردووشدا بە هۆی داڕشتنی پلان و بەرنامە و جێبەجێ کرانی چەندین پڕۆژە و ڕێگه‌چارەی پێویست لە سنووری پارێزگاکەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ڕوودانى لافاو و هۆکارەکانى، تا ئاستێکی زۆر مەترسیەکانی دروستبوونی لافاو لە شارەکەمان کەمبووەتەوە".