سەرۆککۆماری عێراق: دەستوور، فیدراڵیی هەرێم و دەستەڵاتەکەی سەلماندووە

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی کۆبوونەوەی لەتیف ڕەشید سەرۆککۆمار و سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، لە دیدارەدا جەخت لە سەر ئەو بنەمایانە کراوەتەوە کە عێراقی فیدراڵی لە سەر پێکهێنراوە و لە دەستووریشدا جێگیرکراون، لەلایەن خۆیەوە سەرۆککۆمار ڕایگەیاندووە: دەسەڵاتدارانی هەرێمی هەرێمی کوردستان خاوەنی هەموو دەسەڵاتێکی دەستووریی و فیدراڵیین بەسەر هەرێم و هاووڵاتییەکانیدا.

لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ جاسم محەمەد عەبوود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، باسی لە پرۆسەی سیاسی دوای 2003 کرد کە لە سەر چەند بنەمایەک و ڕێککەوتنی سەرکردە سیاسییەکان دامەزراوە و لە دەستووریشدا جێگیر کراون، سەرەکیترین بنەماکانیش ئەوەیە کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵیی و سیستەمێکی کۆماریی و پەرلەمانی دەبێت، هاوکات فیدراڵییەتی هەرێمی کوردستان دانی پێدا نراوە و ئاماژە دراوە بەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستەڵاتی تەواوی بە سەر هەرێمەکە و هاووڵاتییەکانییەوە هەیە، بەمەرجێک پێچەوانەی دەستوور و دەسەڵاتە دیاریکراوەکانی ‌‌حکوومەتی فیدراڵی نەبێت.

هاوکات گوتیشی: سیاسەتی دارایی، گومرگیی، بارزگانی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق لەگەڵ سیاسەتی نەختینە لە دەستەڵاتە تایبەتەکانی حکوومەتی فیدراڵین، بەڵام لایەنی جێبەجێکردن و شێوازی جێبەجێکردنەکەی لە دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.

جاسم محەمەد عەبوود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقیش گوتی: دادگاکە پابەندە بە ڕێککەوتنی دامەزرێنەرانی پرۆسەی سیاسی، ئەوەشی لە دەستووردا هاتووە، بۆ ڕازیکردنی عێراقییەکانە لە پێناو ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ.

ڕاشیگەیاندووە، دادگای باڵای فیدراڵی مکوڕە لە جێبەجێکردنی ئەوەی لە دەستوور و یاسا بەرکارەکاندا هاتووە، کە پاڵپشتی سەرەکییە بۆ سەروەریی یاسا و دەبێتە پارێزەری گشتی مافەکانی گەل و ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان.

سەرۆکی دادگای فیدراڵی جەختی کردووەتەوە، دادگا سوورە لە سەر چاودێریی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (224 وموحدتها 269/اتحادية/2023) دەرچوو لە 21/2/2024 کە دڵنیایی دەدات لە گەیشتنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و ئەوانەی بە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتییەوە بەستراونەتەوە، لەگەڵ ئەوانەی ئەرکیان لە دەزگا ئەمنییەکانە.

هەروەها ئاماژەیداوە، کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ پەیوەستە بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی و بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە، بۆ ئەمەش وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەماهەنگییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

سەرۆکی دادگای فیدراڵی دەشڵێت: هەژماری بانکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی کاتی پێویستە، هەربۆیە پێویستە مووچەخۆران بە شێوەی کاش مووچەیان بۆ خەرج بکرێت تا ئەوکاتەی مووچەکانیان دەخرێتە سەر هەژماری بانکی.