هیوا ئەحمەد: چیتر ناکرێت لەلایەن دادگای فیدراڵەوە ئیرادەی گەلی کوردستان تێکبشکێنرێت

هیوا ئەحمەد ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
هیوا ئەحمەد ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، چیتر ناکرێت لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە هەر رۆژە و بە بیانووەیەک ئیرادەی گەلی کوردستان تێکبشکێنرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئاداری 2024، هیوا ئەحمەد. ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند: بەیاننامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونە خالەکانیشی ئاشکران. هۆکانی دەرچوونی ئەم بەیاننامەیە خاڵ بە خاڵ باسمان کردووە، هەنگاوەکانی داهاتووشمان خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی بۆ کراوە و لە ژێر بەرنامەدایە، هیوادارین پەیامەکەشمان گەشتبێتە چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنەکانی دیکەی حزبە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان.

بەگوتەی ئەو، "پێمان وایە زوڵمێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، کورد و کوردستان خاوەنی کەیسێکە، پێش ئەوەی کەیسەکە بەشێویەکی یاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت سیاسییە؛ کورد خاوەنی دۆزی خۆیەتی زیاتر لە 100ساڵە خەبات دەکات، خوێنی ڕشتووە شەهیدی هەیە و قوربانی داوە، هەزاران گوند و شارۆچکە وێران بوون ،هەزاران ئەنفال لەسەر میللەتی کورد جێبەجێکراون و کیمیایی بەسەر گەلی کوردستان کراوە".

هیوا ئەحمەد دەڵێت: "پێش ئەوەی دۆسییەکە یاسایی بێت، دۆسییەکەی ئێمە سیاسییە، جگە لەوەش ئێمە لە دەستووردا جێگەمان هەیە، بەندەکانی دەستوور پارێزگاریی لە هەموو قەروارەیەک دەکات. بۆیە ئێمەش وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بە لەسەرخۆیی مامەڵەمان لەگەڵ ئەم کەیسە کردووە، بیرمان کردووەتەوە لەسەر ئەوەی چیتر ناکرێت ئیرادەی گەلی کوردستان هەر رۆژە و بە بیانووەیەک لەلایەن دادگای فیدراڵی تێکبشکێنرێت، ئەو بڕیارانەی کە داومانە بڕوامان پێیەتی و ئێمەش بەرگریی لە خۆمان دەکەین و لەسەری بەردەوام دەبین."

ڕۆژی دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاوکردەوە.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "لایەنەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەرپرسیارییەتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و سەرجەم خاڵەکانی ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".

مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارییەتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵیی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نادەستووری و نادیموكراسی و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکارییە  دەستوورییانەی  لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستووریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".