میسال ئالوسی: پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی نەکردووە بەڵکو ئیرادەی گەلی کوردستان رادەست بە دادگای فیدراڵی ناکات

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی ڕایگەیاند، بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتکردنی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو ڕەتکردنەوەی  ڕادەستنەکردنی ئیرادەی گەلی کوردستانە بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئاداری 2024، میسال ئالوسی شرۆڤەکاری سیاسی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەڵبژاردنەکە لە ئەستۆی سەرکردایەتی نەتەوەیی کوردستانە بە پارتیشەوە و بە لەبەرچاوگرتنی قەبارە و بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی، هەڵبژاردنەکە لە نێوان یان کوردستان رادەست بە دەستکاری و فراوانکردنی ئێران لە عێراق و کوردستان و یان ڕادەستی میلیشیاکان و ئەو لایەنانە دەکات کە کاریگەری وڵاتان و ناوخۆیان لەسەرە، بە دادگای فیدراڵی ناشەرعیشەوە دەکات.

بەگوتەی ئەو، "بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتکردنی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو ڕەتکردنەوەی ڕادەستکردنی ئیرادەی گەلی کوردستانە بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە شکستی و بێتوانایی خۆی سەلماندووە لە ڕێگریی لە ساختەکاری و کۆنترۆڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە لایەن میلیشیاکانەوە.

ڕۆژی دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاوکردەوە.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "لایەنەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەرپرسیارییەتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و سەرجەم خاڵەکانی ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسیدا".

مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە:"لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارییەتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵیی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نادەستووری و نادیموكراسی و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکارییە  دەستوورییانەی  لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستووریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".