بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان: تۆڕێکی گەورەی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکران

K24- هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکردنی 14 تۆمەتبار و دەست بەسەرداگرتنی بڕی 23 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە بەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە  28-2-2024، تێمێکی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان دوای هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و بە بەشداری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی کەرکووك، لە زنجیرەیەك چالاکی یەك بە دوای یەکدا کە زیاتر لە دوانزە ڕۆژی خایاند، توانرا تۆڕێکی گەورەی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیربکرێن کە پێکهاتبوون لە 14 تۆمەتبار .

ئاماژە بەوەشکراوە، لەم زنجیرە چالاکییەدا بڕی 23 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ لەناو شاری کەرکووك دەستی بەسەردا گیرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم تۆڕەی کە دەستگیرکراون بە یەکێك لە مەترسیدارترین تۆڕەکانی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان بۆ سەر شاری هەولێر و دهۆك و زاخۆ دادەنرا کە هەفتانە بڕێکی زۆری ئەم ماددە هۆشبەرانەیان بۆ هەرێم ڕەوانە دەکرد و گەنج و لاوی کوردییان پێ لە خشتە دەبرد .

وا بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەم چالاکییە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی عێراقی فیدراڵەوە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕابگەیەنرێت .