عێراقی دوای 2003 بەرەو هەڵدێر و لەناوچوون هەنگاو دەنێت

به‌غدای پایته‌ختی عێراق
به‌غدای پایته‌ختی عێراق

K24 - هەولێر:

به‌هۆی نه‌مانی بنەماكانی (هاوبه‌شی، سازان و هاوسەنگی)، عێراقی دوای 2003 بەرەو هەڵدێر و لەناوچوون هەنگاودەنێت و عێراق رووی له‌ مەرکەزییەت و تاکڕەوی کردووە.

ئەو رێککەوتنەی لەنێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی ئێستای عێراق کراوە وەک خۆی جێبەجێنەکراوە، هەر بۆیەش پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، دەستوور و تەواوی خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی حکومەت جێبەجێنەکەن،  لە پڕۆسەی سیاسی بەردەوام نابن.

دوای رووخانی رژێمی پێشوو لە 2003، عێراقێکی نوێ بنیاتنرا، کورد، سوننە و شیعە رێککەوتن لەسەر دامەزراندنی عێراقی نوێ لەسەر بنەمای (هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی).

بەگوێرەی ئەو دەستوورەی ساڵی 2005 نووسرایەوە و هەموو لایەنەکان لەسەری کۆک بوون، دەسەڵاتەکانی عێراق بەسەر چوار دامەزراوەدا دابەشکران، لەوانەش،

سەرۆکایەتی کۆمار، كه‌ ئەرکی پاراستنی دەستوورە، بەڵام لە بەرامبەر ئەو هەموو پێشێلکارییانەی دەستوور، بێدەنگە.

ئەنجومەنی وەزیران، کە دەسەڵاتەکەی جێبەجێکردنە.

دەسەڵاتێکی دیکەش پەرلەمانە، ئەرکی چاودێریی حکومەت و  یاسادانانە.

چوارەم دەسەڵاتیش دەسەڵاتی دادوەرییە، ئەرکی یەکلاییکردنەوەی کێشەکانە.

هاوبەشی، یەکێکە لەو بنەمایانەی عێراقی نوێی لەسەر دامەزرا، به‌گوێرەی ئەم بنەمایە دەبوو  بەگوێرەی ژمارەی دانیشتیووان کورد 17 لەسەدی سوپای عێراق پێکبهێنێت، بەڵام تا ئێستا ئەوە جێبەجێ نەکراوە و بەجۆرێک ئەو رێژەیە کەمترە لە دوو لەسەد.

بنەمایەکی دیکەش سازانە، دابەشکردنی چوار دەسەڵاتەکەی عێراق بەسەر کورد، سوننە و شیعە، وەک خۆی جێبەجێنەکراوە و پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە سوننە وەرگیراوەتەوە.

بەپێی بنەمای هاوسەنگیش، دەبوو دادگەی فیدراڵی هاوسەنگی لە نێوان حکومەتی بەغدا و هەولێر بپارێزێت، بەرگری لە هەرێمەکان بکات و ئەنجومەنی فیدراڵیش دامەزرێنێت، بەڵام هیچ کام لەمانە نەکراون و بگرە چەندین بڕیاری نادەستووریشی دژی هەرێمی کوردستان دەرکردوون.

بەهۆی ئەوەی بنەماکانی دامەزراندنی عێراقی نوێ جێبەجێنەکراون، هۆشداریدەدرێت لەوەی عێراقی دوای 2003 بەرە و کۆتایی و مەرکەزییەت هەنگاو دەنێت. مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە ڕوونی لە بەیاننامەکەیدا ئاشکرایانکردووە، ئەگەر لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەستوور و تەواوی خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی حکومەتی ئێستا جێبەجێنەکەن،  لە پڕۆسەی سیاسی بەردەوام نابن.

لە زۆرینەی وڵاتە دیموکراسی و فیدڕاڵییەکاندا هەڵبژاردن ئامرازی دەستاودەست کردنی دەسەڵات و نەهێشتنی گرژی و ململانێ کردەییەکانە، جیاواز لە وڵاتانی دیکەی فیدڕاڵی، عێراق لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو چەندین هەڵبژاردنی تێدا  بەڕێوەچووە، بەڵام زۆربەی هەڵبژاردنەکان چۆنییەتی بەڕێوەچوون و ئەنجامەکانیشی کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە.

دیارترین ئەو رووداوانەی لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە دروستبوون، پەکخستنی 91 کورسییەکەی ئەیاد عەلاوی لە ساڵی 2010 و کشانەوەی سەدرییەکان بوو لە پرۆسەی سیاسی وڵات.

هەڵبژاردن لە عێراقدا هەمیشە بە کۆمەڵێک ئاستەنگ و کێشەی هەمەجۆردا تێپەڕیووە.

لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو، چەندین هەڵبژاردن لە عێراقدا بەڕێوەچوون کە یەکەمینییان لە قۆناغی راگوزەر و لە 30 کانوونی دووەمی 2005 بەڕێوەچوو، لەوکاتەوە تاوەکو دوایین هەڵبژاردن کە هەڵبژاردنی پارێزگاکان بوو، هەمیشە رەخنە و گلەیی جیاواز لە چۆنییەتی هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانی هەبووە.

دیارترین ئارێشەی هەڵبژاردنیش لە ساڵی 2010ـەوە دەستی پێکرد، کاتێک لە هەڵبژاردنەکەدا لیستەكەی ئەیاد عەلاوی بە ئەنجامی 91 كورسی پەرلەمان لە پلەی یەكەم هات و دەبوایە سەرۆك وەزیران كاندید بكا و حكوومەتی عێراق پێك بێنێت، بەڵام ئەوەی رووی دا لیستەكەی نووری مالیكی، كە خاوەنی 89 كورسی بوو، حكوومەتی پێكهێنا، کە  ئەیاد عەلاوی، بە کودەتایەکی سیاسی وەسفی کرد و دواتریش دانی بەوەدانا کە جێبەجێ نەکردنی دەستوور و دەستوەردانی ئێران وایکرد ئەو کودەتا سیاسییە و رووداوەکانی هاوشێوەی لە عێراقدا رووبدەن.

یەکێکی دیکە لە رووداوە سیاسییە دیارەکان، کشانەوەی سەدر بوو لە پەرلەمانی عێراق، دوای ئەوەی کە لیستەکەی توانییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2021ـدا  73 کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن و ببنە زۆرینەی دەنگ، دواتر بەهۆی چەند کێشەیەکی نێوخۆی ماڵی شیعەوە سەدر ناچارکرا لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی بکشێتەوە، ، لە  12ى حوزەیرانى 2022 سەدر لە نامەیەکیدا بۆ حەسەن عەزارى، سەرۆکى فراکسیۆنى سەدر، داواى کرد گشت پەرلەمانتارەکان نامەى دەستلەکارکێشانەوەیان رادەستى سەرۆکایەتیى پەرلەمان بکەن، دواتر و لە مانگی تەممووزی هەمان ساڵدا ناڕەزایەتی سەدرییەکان گەیشتە لوتکە و لایەنگرانی هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی سەوز لە بەغدا و چوونە نێو باڵه‌خانه‌ی پەرلەمانەوە، دواتریش لە بەردەم  پەرلەماندا دەستیان بە چالاکی و ناڕەزایەتی کرد و تەنانەت مانگا و رەشەوڵاغەکانیشیان بۆ لەوەڕاندن بردە باخچەی پەرلەمانەوە.

ئەمانە و چەندین رووداوی دیکە لە عێراقێکی بەنێو فیدڕاڵدا روویانداوە، وەک شارەزایانی سیاسی دەڵێن، لە وڵاتێکدا کە خاوەن میلیشیا و داردەستەکانی وڵاتانی دراوسێ جومگەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوەبێت، جێبەجێ کردنی فیدڕاڵییەت و دیموکراسییەت ئەستەم دەبێت.

هەڵبژاردن لە عێراقدا

رووداوی 2010

لیستی ئەیاد عەلاوی

91 کورسی

لیستی نووری مالیکی

89 کورسی

دەرئەنجام

پێکهێنانی حکومەت بۆ مالیکی

ئەیاد عەلاوی:

جێبەجێ نەکردنی دەستوور و دەستوەردانی ئێران هۆکاری شکستی پرۆسەی سیاسی بوون لە عێراقدا.

- کشانەوەی سەدر

هەڵبژاردنی 2021

73 کورسی

حوزەیرانی 2022

کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی

ناڕەزایەتی سەدرییەکان

هەڵکوتانە سەر پەرلەمان

بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و هەوڵی چەند دەستە و لایەنێکی عێراقی دژ بە نەتەوەی کورد کاردانەوەی لەنێوخۆی عێراقدا دروستکردووە.

پسپۆڕان هۆشداریی لە هەنگاوی بەشێک لە لایەنەکانی عێراق دەدەن کە هەوڵەکانییان بۆ دژایەتی کردنی کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا چڕکردووەتەوە، دەشڵێن، ئەو لایەنانە بە هەڵگرتنی هەنگاوی دیکتاتۆرییانە کار بۆ دوورخستنەوەی کورد لە پێگەی بڕیاردان لە بەغدا و لاوازکردنی کاریگەرییەکانیان دەکەن.