چاودێرێکی سیاسی: کشانەوەی پارتی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق بەرەو رووخان دەبات

شەنکار عەبدوڵڵا، چاودێرى سیاسی
شەنکار عەبدوڵڵا، چاودێرى سیاسی

K24 – سلێمانی:

هەڵوێستەکانى پارتى لە سەر بابەتەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و کشانەوەى لە پڕۆسەى سیاسی عێراق بووەتە رۆژەڤى گەرمى شەقامى سیاسی کوردستان و عێراقیش، بەبڕواى بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان به‌شدارینه‌كردنی پارتی له‌ هەڵبژاردن ئەوا گرفت بۆ ئەو هەڵبژاردنە دروست دەبێت.

هەموو کات هەڵوێستەکانى پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستى نێوخۆیی و دەرەوە لە لایەن یار و نەیارەوە بە گرنگییەوە سەیر کراوە، دوایین هەڵوێستیشى لەسەر پرسى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ژینگەى سیاسی و بابەتى بەرێوەچوونى هەڵبژاردنەکانى وەک ئەوەى دەگوتراو پێشبینى دەکرا پێچەوانە کردەوە.

فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژى پارتى سۆسیال دیموکراتى کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەر هەڵوێستێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەت هەڵوێستێکی وا توند هەڕەشەی کشانەوە بێت لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، بەدڵنیاییەوە کاریگەری دەبێت ،کاریگەرییەکەش ئەگەر ئەو مەرجانەی کە داوای کردووە جێبەجێ نەکرێت و نەگەنە خاڵی رێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بە دڵنیاییەوە پێم وایە پرۆسەی هەڵبژرادنی پەرلەمانی کوردستان شکست دەهێنێت.

رێکارە ناتەندروست و نادەستوورییەکانى دادگای فیدڕاڵى بەرانبەر بە هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوەکەی مەکتەبى سیاسی پارتى بە روونى ئاماژەى پێکراوە و پارتى داوادەکات رێککەوتنە سیاسی و ئیدارییەکان جێبەجێ بکرێن، ئەگەرنا ناتوانن بەردەوام بن لە پرۆسەى سیاسی، ئەگەر ئەوەش رووبدات ئەوا کێشەى دیکە دەچێتە سەر خەرمانى کێشە هەنوکەییەکانى ئێستاى عێراق.

لەلایەن خۆیەوە شەنکار عەبدوڵڵا، چاودێرى سیاسی بە کوردستان24ـی گوت: عێراق دۆخەکەی زۆر ناجێگیرە بێگومان پارتی سەنگێکی گەورەی هەیە لە عيراق و حسابی تایبەتی بۆ دەکرێت، بە واتای ئەوەی کە دەڵێی کوردستان وا دەزانن حیسابەکە لەسەر پارتی دەکرێ، بۆیە کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق بێگومان ئاستەنگ و کێشەی زۆر بۆ عێراق دروست دەکات تا ئاستی رووخاندنی ئەو حکومەتە.

رۆژی دووشەممە (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ناچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێندراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک ناكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت.