شیفا بارزانی: کورد لە پەرلەمانی بەریتانیا دۆستی زۆری هەیە

K24 – هەولێر:

سەرپەرشتیاری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات ستایشی یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز و کۆبوونەوەی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا دەکات و رایگەیاند: جێگەی خۆشحاڵییە کورد لە پەرلەمانی بەریتانیا دۆستی زۆری هەیە.

شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا و جێگرەکەی و زیاتر لە 90 پەرلەمانتاری بەریتانی و نوێنەرانی وڵاتان و کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان، یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز بەرزڕاگیرا کە ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە.

لەبارەی بانگهێشتکردنی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ پەرلەمانی بەریتانیا بۆ یادکردنەوە و ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی جەژنی نەوەرۆز، شیفا بارزانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە دۆستێکی زۆری کورد لە پەرلەمانی بەریتانیا هەیە و هیوای خواست وەک رەوەندی کوردستانی بتوانن لە ساڵانی داهاتوودا، کۆبوونەوەی فراوانتر بۆ یادکردنەوەی نەورۆز و بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لە بەریتانیا رێکبخەن.

لەلایەن خۆیەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی (18ـی ئاداری 2024) لە پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا  و سەرۆکی سەنتەری ناوەندی گەشەپێدانی کورد لە لەندەن، بەشداربووین لە 'دیداری نەورۆز' لە لەندەنی پایتەخت، کە کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشداربوون.