پیردەیان جەعفەر: لافاوەکەی دهۆک زیانی بە زیاتر لە 100 ماڵ گەیاندووە

پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی دهۆک
پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی دهۆک

K24 – دهۆک:

بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی دهۆک دەڵێت: ھەموو ئەو خێزانانەی مەترسی لەسەر ژیانیان ھەبوو گواستراونەتەوە بۆ ھوتێلەكان و خواردن و جلوبەرگ و پێداویستییەكانی دیكەن بۆ دابینكراوە.

پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی دھۆك، بە كوردستان24ی راگەیاند، شەپۆڵیکی بارانبارینی بەخوڕ پارێزگای دهۆکی گرتەوە، بە تایبەت لە سەنتەری شار بارانێکی زۆر باری، هەروەها تیمەکانمان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.

بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی دھۆك، ئاماژەی بەوەدا، ھەموو ئەو خێزانانەی مەترسی لەسەر ژیانیان ھەبوو گواستراونەتەوە بۆ ھوتێلەكان و خواردن و جلوبەرگ و پێداویستییەكانی دیكەن بۆ دابینكراوە.

پیردەیان جەعفەر، گوتی: بەهۆی لافاوەکە زیانی گیانی و ماددی هەیە، زیان بە زیاتر لە 100 ماڵ گەیشتووە، هەروەها دوو هاووڵاتیش گیانیان لەدەستداوە.

بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی دھۆك، باسی لەوەشکرد، لەسەر راسپاردەی فەرماندە مەنسور بارزانی هاوکاری زیانلێکەوتووان دەکرێت و هەموو پێداویستییەکیشیان بۆ تەرخان دەکرێت.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، (19ـی ئاداری 2024)، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بوو. بەهۆی بارانەکەوە، لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو هەڵسا، ئاو چووە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە رێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخران.

بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی لافاوەکە دوو هاووڵاتی خنکاون و تا ئێستە تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە، بەهۆی ئەوەی بە دەیان کیلۆمەتر لەگەڵ خۆی بردوونی.