ئومێد خۆشناو: بۆ هەموو هاوکاری و پشتیوانییەکی دهۆك و زاخۆ ئامادەین

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 – هەولێر:

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانە بەخوڕەی کە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بە تایبەت لە دهۆک و زاخۆ، لە ئەنجامی دروستبوونی لافاو بەداخەوە سێ هاووڵاتی شاری دهۆک گیانیان لەدەستدا، بۆ ئەم مەبەستە هەولێر ئامادەی هەموو پاڵپشتی و پشتوانییەکە بۆ دهۆک و زاخۆ.

رۆژی سێشەممە (19ـی ئاداری 2024) پارێزگاری هەولێر لەمیانەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەریەک لە عەلى تەتەر، پارێزگارى دهۆک و گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، وێڕاى هاوخەمی و دڵگرانى لە بارەى رووداوی گیان لەدەستدانی سێ هاووڵاتی بەهۆی لافاوەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆى ئاڕاستەى بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی کارەساتەکە کرد.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەناوی ئیدارە و خەڵکی شاری هەولێر ئامادەیی ھەرچی پێویستى و پاڵپشتی و پشتیوانییەکی تیمەکانى "تەندروستیى، فریاکەوتن، بەرگریی شارستانی و دام و دەزگاکانى تری پارێزگای هەولێر هەیە نیشاندا بۆ بەهانەوەچوون و یارمەتیدانی زیانلێکەوتووان و لێقەوماوانی هەردوو شارەکە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، (19ـی ئاداری 2024)، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بوو. بەهۆی بارانەکەوە، لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو هەڵسا، ئاو چووە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە رێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخران.