هەڤاڵ ئەبوبەکر: نابێت مووچەی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە ئەجێندای سیاسی بکرێت

K24 – لەندەن:

پارێزگاری سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، نابێت لە هیچ بارودۆخێکدا شایستەداراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە ئەجێندای سیاسی بکرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد: جیاوازییەکی زۆر لە شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا هەیە و لە 2014ـەوە بودجە و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی نەنێردراوە.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، نەک تەنها لە شایستەداراییەکان، بەڵکو لە دابینکردنی سووتەمەنی، دەرمان و بەرهەمە خۆراکییەکانی نێو پسوولەی خۆراکیش جیاوازی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە.

هاوکات هەڤاڵ ئەبوبەکر، جەختی لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق وەک خۆی کردەوە و گوتی: "ئەو مافانەی بۆ بەسرە، کەرکووک، موسڵ، نەجەف و کەربەلا هەیە دەبێت بۆ هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکەش هەبن".

پێشتریش هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، رۆژی (18ـی ئاداری 2024) لە پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا  و سەرۆکی سەنتەری ناوەندی گەشەپێدانی کورد لە لەندەن، بەشداربووین لە 'دیداری نەورۆز' لە لەندەنی پایتەخت، کە کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشداربوون.

رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی چەند بڕیارێکی ناڕوونی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرد کە بووە هۆکاری ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

دوای کات کوشتنێکی زۆر بە پاساوی پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سەرئەنجام وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی بەشێک لە مووچەخۆرانی بە چوار لیست نارد بە بری نزیکەی 560 ملیار دینار کە پێکهاتووە لە لیستی خانەنشینی مەدەنی و سەربازیی، تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، کەسوکاری شەهیدان لەگەڵ 37 وەزارەت و دەستە. هاوکات حکومەتی ناوەندی هیچ بڕە پارەیەکی بۆ کەسوکاری شەهیدان، هێزەکانی پێشمەرگە، وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی هەرێم نەناردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە دانیشتنی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی (13ی ئاداری 2024) ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی مووچەی مانگی ئادار بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە ناکات تاوەکو هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە، بەڵام هەرزوو دادگای فیدراڵی و حکومەتی عێراق روونکردنەوەیاندا بۆ رەتکردنەوەی لێدوانەکەی وەزیری دارایی عێراق، کەچی تەیف سامی تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی شوباتیشی بە تەواوی نەناردووە.

رۆژی (15ـی ئاداری 2024) سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاری پارەی فیعلی رەوانەکراوی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردەوە، کە کۆی گشتی پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 16 ترلیۆن و 497 ملیار دینارە لە یاسای بودجە، بەڵام بەغدا 998 ملیار دیناری وەک پشک و سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناریشی وەک قەرز رەوانەکردووە.

لە کۆبوونەوەی رۆژی (13ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، کە نابێت هیچ لە رێکارەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، ببنە مایەی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە مووچەکانیان کە شایستەی دارایی خۆیانە و دەبێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆیە جەخت دەکاتەوە کە پێویستە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت و نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بێبەش بکرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختیشی کردەوە، کە وەک چۆن مووچەخۆرانی عێراق، ئازادن لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەو بانکانەی هەژماری لێ دەکەنەوە، بە هەمانشێوە پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، ئازادبن لە چوارچێوەی (هەژماری من)دا، لە چ بانکێک هەژمار بکەنەوە. لە ئێستادا ئێستا پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا چەندین بانکی تریش دەبنە بەشێک لە پرۆژەکە.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی وئابووری ئاماژەی دا بەوەی کە وەزارەتەکەی، داوای تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردبوو بە بێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی 2024 بە بڕی ( 949,813,146,170) ملیار دینار، بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تەنيا بڕی 560 ملیار و 219 ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە رێژەی تەنيا (%59) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و ئەمەش وادەکات کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت.