ستیڤ لووتس: حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری زۆر باشی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی کردووە

ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیك
ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیك

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئه‌مه‌ریكا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیك، دەڵێت: چاومان لە کارکردنی زیاترە لە هەرێمی کوردستان و هەروەها دەمانەوێت هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ ئەو هەرێمە زیاتر بکەین.

ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئه‌مه‌ریكا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیك، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، "شەرەفی ئەوەمان هەبوو پێشوازی لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و تیمی یاوەری لە واشنتن بکەین، هەروەها لەگەڵیاندا کۆبووینەوە چاوی ئێمە لەسەر ئەوەبوو کە بزانین پلانی سەرۆکوەزیران چییە بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان".

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئه‌مه‌ریكا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیك، راشیگەیاند، زۆرێک لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، "ویستمان هەماهەنگییەکانمان زیاتر بکەین و ژمارەیەکی زیاتری کۆمپانیاکانی ئەمەریکا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و هاوکاربن لە فرەچەشنکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات".

ستیڤ لووتس، دەڵێت: دەمانەوێت دەرفەتی دیکەش بدۆزینەوە لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، ئامانجامانە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان ئەو دەرفەتانە بقۆزنەوە.

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئه‌مه‌ریكا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیك، ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری زۆر باشی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی کردووە، "هەروەها دنیابینینی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بواری کشتوکاڵ و فەرەچەشنکردنی داهات شتێکی زۆر گرنگ و جوانە و پێشوازی لێدەکەین".

ستیڤ لووتس، گوتی: ژینگەی هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق زۆر لەبارترە بۆ کاری بازرگانی، دەرفەتی زۆر باش هەیە و رێکارە یاساییەکان زۆر باشن، دەرفەتەکان لەو هەرێمە زۆر زیاترن و کۆمپانیاکان دەتوانن باشتر لەو هەرێمە کار بکەن.

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئه‌مه‌ریكا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیك، گوتیشی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزان و وەزیرەکانی کابینەکەی سەقامگیری سیاسی زۆر باشیان لە هەرێمی کوردستان فەراهەم کردووە، ئەمە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنانیش زۆر باشە.