شوێنی مانەوە بۆ هاووڵاتییانی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی دهۆک دابین دەکرێت

دیمەنێکی لافاوەکەی دهۆک
دیمەنێکی لافاوەکەی دهۆک

K24 - هەولێر

شوێنی مانەوە بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییانەی دهۆک دابین دەکرێت کە بەهۆی لافاوەکەی ئەمڕۆوە، زیان بەر خانووەکانیان کەوتووە.

بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک، بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگاکە، ئاگاداری ئەو هاووڵاتییانە دەکاتەوە کە بەهۆی لافاوەکەی ئەمڕۆ زیان بەر خانووەکانیان کەوتووە کە شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر خێزانێک پێویستیی بە هاوکاری و شوێنی مانەوە هەبێت، دەتوانێت پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی (07504583036) بکات. 

ئالان حوسێن، پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا کۆمەڵەی هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک نزیکەی 10 هۆتێل و مۆتێلیان بۆ هاووڵاتییە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی ئەمڕۆ دابین کردووە.  

لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممەوە، 19-03-2024، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بووە.

بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی لافاوەکە دوو هاووڵاتی خنکاون و تا ئێستە تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە، بەهۆی ئەوەی دەیان کیلۆمەتر لەگەڵ خۆی بردوونی.

وەکو ئەوەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک خستیەڕوو، "10 هاووڵاتیی دیکەش برینداربوونە و سەدان کەسیش لەلایەن تیمەکانمانەوە ڕزگارکراون و بۆ شوێنی سەلامەت گوازراونەتەوە". لەبارەی زیانە ماددییەکانیش، گوتی: "بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، زیان بە زیاتر لە 20 ئۆتۆمبێل و سەدان خانووی هاووڵلاتییان لە گەڕەکە جوداکانی دهۆک گەیشتووە". 

بێوار عەبدولعەزیز ئاماژەی بەوەشکرد، "تیمەکانمان لە ئامادەباشیی تەواودان و لە هەر شوێنێک بزانین پێویستیان بە هاوکاریی ئێمە هەیە فریایان دەکەوین و هەوڵدەدەین کەمترین زەرەر و زیان بەر هاووڵاتییانمان بکەوێت. سوپاسی خەڵکی خۆشمان دەکەین کە زۆر لەگەڵمان هاوکارە".

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکیش لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە هاووڵاتییانی پارێزگاکەی کرد بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە و لە ماڵەکانیان بمێننەوە. هاوکات داواشی کرد هاووڵاتییان لەو شوێنانە دوورکەونەوە کە مەترسیی هەڵسانی لافاویان لێیە.

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرینەی ماڵەکان لە گەڕەکەکانی هشکەڕوو، بەڕووشكێ و ئەو شوێنانەی مەترسیی هەڵسانی لافاویان لەسەرە، چۆڵکراون و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی توانیویانە سەدان هاووڵاتی کە گیریان خواردبوو، ڕزگار بکەن. گوتیشی: "ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان دەکرێت".

هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکەوە کرد و داوای کرد "ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە زووترین کاتدا بکرێت".

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێکی پارێزگای دهۆکدا هاتووە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاوکارییەکی بەپەلە و پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە دهۆک و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە.