کۆلۆمبیا.. گەورەترین باندی ماددەی هۆشبەر دانووستان لەگەڵ حکوومەت دەکات

K24 – هەولێر

گەورەترین گرووپی ماددەی هۆشبەر ڕایگەیاند، ئامادەیە دانووستان لەگەڵ حکوومەتی کۆلۆمبیا بکەن و ماددەی هۆشبەر ڕابگرن.

گروپی "کلان دێل گۆڵفۆ" کە گەورەترین باندی ماددە هۆشبەرەکانە لە کۆڵۆمبیا، لە بەیاننامەیەکدا، ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەت ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی وڵات داوای لێ کرد بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان ڕابگرێت.

لە بەیاننامەیەکدا، باندەکە ڕایگەیاند، "بانگهێشتنامەکەی سەرۆکی وڵات قبوڵ دەکات، بۆ دانوستاندن لەسەر هەلومەرجی سیاسی کە ڕێگە بدات ئەو چاکسازییە کۆمەڵایەتیانەی کە دەمانەوێت، بۆ ئەو بوارانەی کە تێیدا کاردەکەین بەدەست بهێنرێت".

لای خۆیەوە باندەکە خۆیان بە "هێزەکانی بەرگریی لە گەیتانیەکانی کۆڵۆمبیا" ناودەبەن، بەو پێیەی بانگەشەی ئەوە دەکات کە بزووتنەوەیەکی سیاسییە، خەبات بۆ بیرۆکەکانی سیاسەتمەداری کۆچکردوو خۆرخی ئێلیسەر گایتان دەکات، کە لە ساڵی 1948دا کاتێک کاندید بوو بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار، تیرۆرکرا و بە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی پەیوەست بە بزووتنەوەی سۆسیالیستی لیبراڵ لە وڵاتدا دادەنرێت.

ئەم لێدوانەی باندەکە، لە وەڵامی داوای گوستاڤۆ پێترۆ سەرۆکی کۆڵۆمبیا بوو بۆ دانوستان، بەو مەرجەی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچێتیی مرۆڤ ڕابگرێت، بەڵام جەختیکردووەتەوە کە پێویستە لێپرسینەوە لە سەرکردەکانی گروپەکە لەبەردەم دادگا بکرێت.

گرووپی کلان دێل گۆلفۆ لە باکووری کۆڵۆمبیا گرووپێکی چالاکە و ئەندامەکانی بە شەش هەزار کەس مەزەندە دەکرێن، بەمەش دەبێتە گەورەترین باندی ماددەی هۆشبەر لە کۆڵۆمبیا.

لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2022دا، پێترۆ ڕێککەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ پێنج گروپی چەکداردا ڕاگەیاندبوو، لەنێویاندا "خێزانی کەنداو"، بەڵام ڕێککەوتنەکە زۆری نەخایاند و حکوومەت لە مانگی ئازاری 2023ەوە دەستی بە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان کردەوە دژی ئەو باندە.