بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست فشارەکان لەسەر ئیسرائیل زیاتر بوون

دوو تانکی ئیسرائیلی لەنێو غەززە (وێنە: AFP)
دوو تانکی ئیسرائیلی لەنێو غەززە (وێنە: AFP)

K24 - هەولێر

لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ، فشارەکان لەسەر ئیسرائیل بۆ  ڕێککەوتن و ڕاگەیاندنی ئاگربەست زیاتر بوون، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و هەفتەی داهاتووش وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەچێتە واشنتن. 

فشارەکان لەسەر ئیسرائیل بۆ  ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس و پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل بەردەوامن. بۆ ئەو مەبەستەش ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ جاری شەشەم لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری ڕابردووەوە دێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە مەبەستی گفتوگۆ دەربارەی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە و ڕاگەیاندنی ئاگربەست سەردانی سعوودییە و میسر دەکات،  .

هاوکات، بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش بە داواکەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا قایل بووە کە بەرپرسانی باڵای حکوومەتەکەی بنێرێتە واشنتن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوواین پێشهاتەکان. بڕیارە هەفتەی داهاتووش یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل سەردانی واشنتن بکات.

فشارێکی دیکەی ئەمەریکاش لەسەر ئیسرائیل، سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی زەمینییە بۆ سەر ڕەفەح. ئیدارەی بایدن چەندان جار دووپاتیان کردووەتەوە، ئەگەر لە ئۆپەراسیۆنەکە گیانی خەڵکی سڤیل پارێزراو نەبێت پشتیوانی ناکەن. ڤێدان پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح بەبێ پلانی تۆکمە کارەساتبارە.

ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ئەمەریکا پێی وایە  ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح وەک تاکە دەریچەی غەززە و شوێنی پەنادانی زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە بەبێ هەبوونی پلانێکی تۆکمە کارەساتی لێ دەکەوێتەوە. ئیسرائیل پابەندە بە جێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە کاتی نانی هەر هەنگاوێک لە غەززە".

لەلایەکی دیکەشەوە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش رایگەیاند، لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامن لە فشار خستنەسەر ئیسرائیل، بەمەبەستی چارەیەک بۆ داهاتوو.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ئەوەی خستە ڕوو، "من و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ناوچەکە، بەردەوام دەبین لە فشار خستنە سەر ئیسرائیل، لەگەڵ ئوردن، میسر، قەتەر، ئیمارات و سعوودیەش کاردەکەین تاوەکو بەم فشارە بگەینە چارەیەکی سیاسیی بۆ داهاتوو  لە چوارچێوەی چارەی دوو دەوڵەت."

بەهۆی بەردەوامی شەڕ و زۆری ژمارەی کوژراوانی خەڵکی سڤیل و دۆخی سەختی مرۆیی لە غەززە، هۆشداری دەدرێت لەوەی ئیسرائیل ببێتە دەوڵەتێکی بێزراو لە جیهان.  چەک شومەر، سەرۆکی زۆرینە لە سێناتی ئەمەریکاش دەڵێت، "سەرەڕای پشتیوانی ئەمەریکا، لەوانەیە داهاتووی ئیسرائیل کۆتایی بێت".