شرۆڤەکارێکی سیاسی: دادگای فیدراڵ دژی گەلی کوردستان بڕیار لە لایەنێکەوە وەردەگرێت

ئارام ڕەسوڵ، شرۆڤەکاری سیاسی
ئارام ڕەسوڵ، شرۆڤەکاری سیاسی

K24- هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی رایگەیاند، بەیاننامەی پارتی زەنگێکی مەترسیدارە بۆ دادگای فیدراڵ و ئەوانەی لە پشت دادگای فیدراڵەوەن، چونکە ئەو دادگایە لە لایەنێکەوە دژ بە خەڵکی کوردستان بڕیار وەردەگرێت .

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئاداری 2024، ئارام ڕەسوڵ، شرۆڤەکاری سیاسی، لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24دا ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی بەرهەمی هەزاران ڕۆلەی نیشتمانە و خەباتی نەتەوەیەکە. ئەوە ئەو پەیام هۆشدارییە بووە، کە چەندان جار سەرۆک بارزانی و پارتی بە هەموو لایەکیان داوە بۆ شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

بەگوتەی ئەو: "هەندێک لایەن هەن لە عێراق نە لەم پەیامە و نە لە پەیامەکانی دیکە گەیشتوون. بەردەوام بەشێوازی جیاواز هەوڵی دژایەتیی  قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانن کە لە ڕابردوودا چەندان جار ئەوەمان بینیوە.

دەشڵێت: "حکوومەتی عێراق لە ڕێگەی دادگای فیدراڵی چەند ساڵێکە بەردەوام بە بڕیارەکانی پێشێلی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و هەرێمی کوردستان و دەستووریش دەکرد، لە چوارچێوە یاسایی و دەستوورییەی کە دەسەڵات بۆ دادگاکە دیاری کراوە دەرچوو، بە ئاراستەی هەوڵی لاوازکردنی قەوارە و پێگەی هەرێمی کوردستان بدات".

ئارام ڕەسول گوتیشی: "چەندجارێک لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک بارزانی هۆشداریان داوە کە بەم شێوەیە ناچێتە سەر؛ بەداخەوە لە دوا بڕیارەکانی سەبارەت بە هەڵبژاردن و بەو شێوازی مامەڵکردن لەگەڵ کورسی پێکهاتەکان و کۆتای پێکهاتەکان، زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ دادگای فیدراڵی و ئەوانەی لە پشت دادگای فیدراڵین، ئەوەش کاری دادگاکە نییە بەتەنیا، چونکە ئەو دادگایەش بڕیار وەردەگرێت لە لایەنێکی دیکەوە لەم کارەدا دژ بە خەڵکی کوردستان".

ڕۆژی دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاو کردەوە.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "لایەنەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەرپرسیارییەتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و سەرجەم خاڵەکانی ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".

مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارییەتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵیی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نادەستووری و نادیموكراسی و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکارییە  دەستوورییانەی  لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستووریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".