عێراق لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەربارەی تاوانەکانی داعش ڕادەگرێت

K24 - هەولێر

حکوومەتی عێراق ئەو تیمەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لێکۆڵینەوەیان لە تاوانەکانی چەکدارانی داعش لە عێراق دەکرد، ناچارکرد کۆتایی بە چالاکییەکانیان بهێنن، لە کاتێکدا هێشتا ئەرکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیان کۆتایی نەهاتبوو.

کریستیان ریتچەر، ڕاوێژکاری تایبەتی سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە: هەرچەندە هێشتا كاره‌كانمان بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە تاوانەکانی داعش له‌ عێراق ته‌واو نه‌بووه‌، بەڵام حکوومەتی عێراق چالاکییەکانی ئونیتادی ڕاگرت . 

ڕیتچەر گوتیشی: "بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوان و ڕووداوەکان پێویستمان بە کاتی زیاترە، کە دەبوایە ئەرکەکان تا وەکوو کۆتایی مانگی ئەیلولی 2024 بەردەوام بن، بەڵام پێشوەختە عێراق بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانی یونیتادی دا."

ڕیتچەر ئاماژه‌ی داوە، له‌سه‌ر داخوازیی عێراق ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ماوه‌ی کار و چالاکییەکانی تیمه‌كه‌ی درێژكردووەته‌وه‌، هەر بۆیە حکوومەتی عێراق بەم بڕیارەی ده‌بێته‌ ڕێگر له‌ به‌رده‌م بە تاوانبارناساندنی زۆرێک لە ئەندامانی داعش.

یونیتاد له‌ لایه‌ن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاسپێردرابوو بۆ یارمەتیدانی عێراق له‌ لێکۆڵینەوە له‌و تاوانانەی داعش کردبوونی.

هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکان دوای تێكچوونی پەیوەندییەکانی حکوومەتی عێراق لەگەڵ یونیتاد، بڕیاری داوە کارەکانی یونیتاد ڕابگرێت.