پێنج بەرپرسی میلیشیاکانی ئێران لە دێرەزوور کوژران

K24 – هەولێر

لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە شاری مەیادینی پارێزگای دێرەزوور، پێنج گەورە سەرکردەی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران کوژران و گومان دەکرێت هێرشەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە کرابن.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، درەنگانی شەوی سێشەممە لە شاری مەیادین فڕۆکە جەنگییەکان چەند شوێنێکیان بۆمباران کردووە و دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز لە دەوروبەری مەیادین بیستراوە، دواتر دەرکەوتووە هێڕشەکان بۆ سەر بنکە و بارەگای گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بووە.

ڕوانگە ئاماژەی داوە، هاوکات لەگەڵ هێڕشەکان، ژمارەیەک درۆنیش بە ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە کە گومان دەکرێت سەر بە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بن.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئیسرائیل 25 جار هێڕشی کردووەتە سەر خاکی سووریا و زۆرترین ئامانجەکانیشیان بۆمبارانکردنی بنکە و بارەگای فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بووە لە ناوچە جیا جیاکانی ژێر دەستەڵاتی ڕژێمی سووریا.