حووسییەکان تەقاندنەوەی ئەو خانووەیان گرتە ئەستۆ کە 18 کەسی تێدا کوژرا

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی گرووپی حووسییەکان دوێنێ سێشەممە ماڵێکیان لە پارێزگای بەیزا لە ناوەندی یەمەن تەقاندەوە، لە ئەنجامدا 18 کەس کوژران.

شایەتحاڵانی ڕووداوەکە ڕایانگەیاندووە، ڕۆژی سێشەممە، هێزەکانی سەر بە گرووپی حووسییەکان ماڵێکیان بەسەر سەری دانیشتووانەکەیدا تەقاندووەتەوە، لە گەڕەکی "ئەلحەفرە" لە شاری ڕەداعی سەر بە پارێزگای بەیزا، کە زیاتر لە 20 کەسی تێدابووە، ئەو تەقاندنەوەیەش دوای ئەوە دێت کە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی حووسییەکان لەو پارێزگایە کوژراوە.

موعەمەر ئەلئەریانی، وەزیری ڕاگەیاندنی حکوومەتی یەمەن، لەوبارەوە ڕایگەیاند،  لە ناوکوژراوەکانی ئەو خانووەدا ئافرەت و منداڵ هەن، ئاماژەی بەوەشکرد، چەند خانوویەکی دراوسێی ئەو خانووە ڕووخاون.

گرووپی حووسییەکانی هاوپەیمانی ئێران بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقاندنەوەی ئەو خانووە ڕاگەیاند.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حووسییەکان، عەمید عەبدولخالق ئەلعەجەری ڕایگەیاند، "هەڵەیەک لەلایەن بەشێک لە کارمەندانی ئەمنی لە کاتی هەڵمەتێکی ئەمنی بۆ بەدواداچوونی هەندێک تێکدەر کراوە، وەک کاردانەوەیەکی نابەرپرسانە بە بەکارهێنانی هێزی نایاسایی بەبێ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی لە سەرکردایەتیی ئەمنی یان وەزارەتی ناوخۆ".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، تەقینەوەکە بووەتە هۆی کوژرانی دوو پیاوی ئەمنی و برینداربوونی کەسانی دیکە، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی دیکە لە دانیشتووانی ناوچەکە بریندار بوون.