قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک دەکرێتەوە

دیمەنی لافاو لە دهۆک
دیمەنی لافاو لە دهۆک

K24 - هەولێر

لەسەر بڕیاری سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-03-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، لەسەر بڕیاری سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک دەکرێتەوە.

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کردووە، تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە خراونەتە ئامادەباشییەوە بۆ ئەوەی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک بکەن و ئەوەی پێویست بێت بۆیان بکرێت.

لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، 19-03-2024، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بووە. بەهۆی بارانەکەوە، تا ئێستە سێ کەس مردوون، لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو هەڵساوە، ئاو چووەتە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە ڕێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخراون.