نەخۆشخانەکانی چین بەشی لەدایکبوون دادەخەن

K24- هەولێر

ڕۆژنامەی "دەیلی ئیکۆنۆمیک نیوز"ی چینی ئاشکرای کردووە، زۆرێک لە نەخۆشخانەکانی چین لەمساڵدا خزمەتگوزاری لەدایکبوونیان وەستاندووە، شارەزایانیش هۆشدارییان داوە لە کەمی خزمەتگوزارییەکانی لەدایکبوون بەهۆی  کەمبوونەوەی خواستی هاوسەرەکان لەسەر منداڵ بوون.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، نەخۆشخانەکانە جۆراوجۆرەکان، لە ژێجیانگ لە ڕۆژهەڵات و جیانگشی لە باشوور، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بەشی لەدایکبوونیان داخستووە.

نەخۆشخانەی پێنجەمی گەل لە شاری گوانگژۆ لە جیانگشی ڕایگەیاندووە، تا 11ـی ئادار خزمەتگوزارییەکانی بەشی لەدایکبوونیان ڕاگرتووە.

نەخۆشخانەی پزیشکی جیانگشان لە ژێجیانگ ڕایگەیاندووە، لە یەکەمی شوباتەوە خزمەتگوزارییەکانی بەشی لەدایکبوون ڕاگیراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە داڕێژەرانی سیاسەتی چین هەوڵ دەدەن هانی هاوسەرە گەنجەکان بدەن بۆ ئەوەی منداڵ بخەنەوە.

ژمارەی دانیشتوانی چین بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک لە ساڵی 2023 دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوون و بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن بەهۆی Covid-19 ، بەمەش بەرپرسان ترسیان هەیە کاریگەری درێژخایەنی لەسەر توانای گەشەکردنی ئابووری هەبێت.

دوایین داتایی بەردەست لە لیژنەی تەندروستی دەریخستووە کە ژمارەی نەخۆشخانەکانی لەدایکبوون لە ساڵی 2021 بۆ 793 نەخۆشخانە دابەزیوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2020دا، 807 نەخۆشخانە بووە.

دەسەڵاتداران هەوڵدەدەن هاندان و ڕێوشوێن بۆ زیادکردنی ڕێژەی لەدایکبوون پێشکەش بکەن، لەوانە درێژکردنەوەی ماوەی مۆڵەتی چاودێریکردنی منداڵ، فراوانکردنی یارمەتییە داراییەکان بۆ منداڵبوون و پاڵپشتیی نیشتەجێبوون.