بارودۆخی ئابووری و ئاستی گوزەران لە غەززە کارەساتێکی مرۆیی لێکەوتووەتەوە

بەشێک لە منداڵانی غەززە هەوڵی بەدەستهێنانی خواردن دەدەن - وێنە: AFP
بەشێک لە منداڵانی غەززە هەوڵی بەدەستهێنانی خواردن دەدەن - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر شەڕی بەردەوامی حەماس و ئیسرائیل، بارودۆخی ئابووری و ئاستی گوزەران لە غەززە کارەساتێکی مرۆیی لێکەوتووەتەوە، بەرزی هەڵاوسان و کەمی نەختینەیی قەیرانی ناوچەکەی قوڵتر کردووە، ئاستی پێویستی تاکەکانی بەرزکردووەتەوە و هەژاری لەنێو دانیشتووان زیاتر کردووە.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردووەتەوە، کەرتی غەززە لە ماوەی پێنج مانگی رابردوو دووچاری شەپۆلێکی گەورەی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان بووەتەوە کە زیاتر بووە لە 600% و ئاماژە بەوە دەکات، بازاڕی غەززە تایبەتمەندە بە ناجێگیری زۆری نرخەکان لە ئەنجامی کەمی خۆراک و پێداویستییەکان، کەمی پارەی نەختینەیی بۆ کڕینی کاڵاکان، ئەمەش قەیرانی برسیەتی زیاتر دەکات تەنانەت بۆ ئەو دانیشتووانەی پاشەکەوتیان هەیە یاخود هێشتا مووچەیەک وەردەگرن.

هاوکات، نووسینگەی ئاماری فەڵەستین رایگەیاندووە، نرخی خۆراک لە مانگی کانوونی دووەم بەراورد بە پێش هەڵگیرسانی جەنگ زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە.

بەرنامەی خۆراکی جیهانیش بڵاویکردووەتەوە، تا بەر لە گەیشتنی پێداویستییەکان نرخی خوێ و ئارد بەراورد بە پێش جەنگ بۆ دە هێندە بەرزبووەوە، لە کاتێکدا لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی برنج بەرزبووەتەوە.

لەگەڵ دەستپێکی مانگی رەمەزان قەیرانی غەززە ئاڵۆزتر بووە، بەو پێیەی دانیشتوانی غەززە ئاماژە بەوە دەکەن ناتوانن دەستیان بەو پارەیە بگات کە لەلایەن خێزانەکانیانەوە بۆیان رەوانە دەکرێت.

شەڕ کاریگەری خراپی لەسەر سیستمی بانکی هەبووە، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی غەززە زۆرێک لە هاووڵاتییان دەستیان کرد بە دانانی پارە لە بانکەکان بۆ ئەوە لە کاتی دەرچوونیان بۆ دەرەوەی وڵات دەستیان پێ بگات، بەمەش بەشێكی گواسترایەوە بۆ باشووری غەززە بەتایبەت لەکاتی ئاگربەستی مانگی تشرینی دووەم.

بە گوێرەی ئامارەکانی دەسەڵاتی دراوی فەڵەستین، لە کانوونی یەکەمی ساڵی پار کاتێک ئاگربەستەکە کۆتایی هات ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر خان یونسی باشووری وڵاتەکە دەستپێکرد، رێگەیەک نەما بۆ گواستنەوەی پارە لە نێوان لقی بانکەکان.

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە، 56 لقی بانک و 91 ئامێری راکێشانی پارە لەناوچوون یاخود چوونەتە دەرەوەی خزمەتگوزاری بانکی، لە هەمان کاتدا، هیچ بڕە پارەیەکی نوێ نەگەیشتووەتە بانکەکانی غەززە و چاوەڕێی ئاگربەست دەکەن.