ئومێد خۆشناو: هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەت لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 – هەولێر:

پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "سوپاسی خۆڕاگری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە سەرەڕای نەناردنی مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە، بەڵام لە راپەراندنی ئەرک و کارەکانیان لە فەرمانگە حکومییەکان بەردەوامن".

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ساڵانی رابردوو فێستیڤاڵی نەورۆز بۆ ماوەی نزیکەی 10 رۆژ بەردەوام دەبوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە تەنیا بۆ ماوەی یەک رۆژ بەردەوام دەبێت.

پارێزگاری هەولێر، لەبارەی فەرامنبەرانی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت: سوپاسی خۆڕاگری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە سەرەڕای نەناردنی مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە پێشمەرگە ئاسا لە راپەڕاندنی ئەرک و کارەکانیان لە فەرمانگە حکومییەکان بەردەوامن.

ئومێد خۆشناو، گوتیشی: هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و شایستەداراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

پارێزگاری هەولێر، باسی لەوەشکرد، "ئومێد دەکەین ساڵی نوێ، ساڵی هاتنەدی خەون و خواستەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە (20ـی ئاداری 2024) سەرۆکوەزیران مەسرور لە پەیامێکدا پیرۆزبایی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز لە کوردستانییان کرد و گوتی:"هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی هەموو ناخۆشی و ستەم وبێدادییەک بێت کە بەرامبەر گەلی کوردستان دەکرێت". 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "رێز و پێزانینی زۆرم بۆ خەڵکی خۆڕاگری هەرێمی کوردستان هەیە، کە بەداخەوە بوونەتە قوربانیی گەمەی سیاسیی هەندێک کەس و لایەن کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بازرگانی بە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن".

مەسرور بارزانی گوتیشی: "دڵنیاین دواجار خواست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە پێناو ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە هەر سەردەکەوێت و هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی هەموو ناخۆشی و ستەم وبێدادییەک بێت کە بەرامبەر گەلی کوردستان دەکرێت. نەورۆزتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە خۆشی و شادیدا بژین".