"ئەو ژنانەی رەگەزی خۆیان دەگۆڕن نابێت بەشداریی لە خولی خانمان بكەن"

گرتەیەك لە راهێنانەكانی بەشێك لە خانمان لە بەریتانیا
گرتەیەك لە راهێنانەكانی بەشێك لە خانمان لە بەریتانیا

وەزیرێکی بەریتانیا داوای قەدەغەکردنی بەشداریکردنی "ژنانی ڕەگەزگۆڕاو" لە خولی خانمانی ئینگلیزی دەکات، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو لەسەر ئەم بابەتە بڕیاری یەكلاكەرەوە بدرێت.
لوسی فرایزەر وەزیری ڕۆشنبیری ئینگلتەرا داوای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەكەی کرد بیر لە "قەدەغەکردنی ژنانی ڕەگەزگۆڕاو لە یاری تۆپی پێی ئافرەتان بکاتەوە، ئەمەش باشترین رێگایە بۆ كێبڕكێیەكی دادپەروەرانە.

لوسی لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ كەناڵی تەلەڤزیۆنی سكای ئینگلیزی رایگەیاند پێویستە ژنان ركابەری ژنان بكەن، دەشڵێت: كارێكی ناسروشتی و نادادپەروەرییە تۆ لە ڕووی بایۆلۆژییەوە ژن نەبیت، كەچی بێیە نێو ركابەری و چالاكییەكان ژنان.
ئەو وەزیرەی بەریتانیا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە ئێستا كەسانێكی زۆر پێیانوایە كاتی ئەوە هاتووەتە ئەم بابەتە بەجدی وەربگرن و رێگە نەدەن كەسانێك تێكەڵ بە ژیان و چالاكی ژنان بن كە لەڕووی بایۆلۆژییەوە ژن نین.
لوسی گوتیشی: ئێمە ئەو راستییەمان لە پێشبڕكێی راكردن و كەشتی و مەلەوانیدا بینیوە، بەڕوونی دەركەوتووە ناكرێت "ژنە رەگەزگۆڕاوەكان" لەگەڵ ژنانی راستەقینە لەسەر هەمان ئاست كێبڕكێ بكەن، من ئامانجم رەشبینی نییە، بەڵام گەشبینم و ئامانجم هاندانی وەرزشی و كێبڕكێی راستەقینەیە.
ئەم خانمە وەزیرە لە كۆتایی قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوە كرد كە ئێستا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلیزی سەرقاڵی پێداچوونەوە بەو بابەتە، كار بۆ ئەوە دەكەن هاوسەنگی بۆ كێبڕكێی وەرزشییەكان بگەڕێننەوە و ئەم بابەتەش یەكلایی بكەنەوە.