باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق: لە کوردستان هەست دەکەم لە ماڵەوەم

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق
فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق رایگەیاند، پەیوەندییەکی زۆر باش لەنێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان هەیە و لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە کورد کرد و گوتی: لە کوردستان هەست دەکەم لە ماڵەوەم.

رۆژی چوارشەممە (20ـی ئاداری 2024) فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق تایبەت بە کوردستان24 و بە زمانی کوردی، جەژنی نەورۆزی لە کوردان پیرۆز کرد دڵخۆشی خۆی بە بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ دەربڕی و گوتی: لە کوردستان هەست دەکەم لە ماڵەوەم.

باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان هەیە و لەم سۆنگەیەشەوە چەندین پڕۆژەی گرنگیان لە سەرتاسەری کوردستان جێبەجێکردووە.

ماتسۆمۆتۆ  گوتیشی: "ساڵی نوێ لە هەموو لایەک پیرۆز بێت. زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە ئاکرێم. جوانییەکی زۆر لە دواوەی من هەیە. هیوای ساڵێکی خۆش بۆ هەموو خەڵکی کوردستان دەخوازم".

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و تۆکیۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق رایگەیاند: پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوان ژاپۆن و کوردستان هەیە. ئێمە بە دیاریکراوی سەرنجمان لەسەر پشتیوانیکردنی بەرەوپێشوەچوونی تەواوی کوردستانە. بۆ نموونە چەندین پڕۆژەی ئاومان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان جێبەجێ کردووە. جیا لەوەش، بەنداوی کارۆئاویمان لە دێرەلووک درووستکردووە. ئێستاش کار لەسەر پڕۆژەیەکی زۆر گەورەی ئاوەڕۆ لە هەولێر دەکەین.

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ گوتیشی: "دەخوازین بەیەکەوە لەگەڵ گەلی کورد کاربکەین. لە کوردستان هەست دەکەم لە ماڵەوەم".