کونسوڵی گشتیی فەرەنسا: هیوای نەورۆز و سەری ساڵێکی خۆش بۆ گەلی کورد دەخوازم

یان برایم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر
یان برایم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر

K24 – هەولێر:

کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر دووپاتیکردەوە، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا بەهێزتر بوون و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی کرد و رایگەیاند: هیوای نەورۆز و سەری ساڵێکی خۆش بۆ گەلی کورد دەخوازم.

رۆژی چوارشەممە (20ـی ئاداری 2024) یان برایم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەیوەندییەکی مێژوویی و دۆستایەتییەکی قوڵ لە نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا هەیە.

یان برایم هیوای نەورۆز و سەری ساڵێکی خۆش بۆ گەلی کورد و کوردستانیان دەخوازێت و ئاماژەی بەوەکرد، لە چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لە چەندین بواری کولتووری، ئابووری، سیاسی و ئاسایشی بەهێزتر بوون.

هەروەها کونسوڵی گشتیی فەرەنسا گوتیشی: "پەیامم بۆ گەلی کوردستان و دۆستەکانمان لە کوردستان ئەوەیە، هیوای نەورۆز و سەری ساڵێکی خۆشیان بۆ دەخوازم. هیوادارم ساڵی نوێ ببێتە مایەی بووژانەوە و سەقامگیری بۆ هەموو لایەک".

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و پاریسەوە، یان برایم جەختیکردەوە: "پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژوویی و قوڵی دۆستانەیە. لە چەند ساڵی رابردوودا، توانیمانە پەیوەندییەکان بەهێزتر بکەین و بەرەو پێشەوەی ببەین. بەتایبەت ئێستا چەندین دامەزراوەی فەرەنسی و دوو قوتابخانەی فەرەنسی بەناوی دانیال میتران لە هەولێر و سلێمانی هەن. لە هەموو بوار و ئاستی سیاسی، ئابووری و ئاسایش پەیوەندییەکانمان زۆر بەرەوپێشەوەچوونە".

کونسوڵی گشتیی فەرەنسا گوتیشی: "هیواخوازین پەیوەندییەکان قوڵتر و بەردەوام بن. کۆمپانیاکانمان خواستیان هەیە وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان بکەن. لە رووی ئاسایشەوە هەماهەنگی زۆر باشمان هەیە و ئەمە نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکو بۆ تەواوی عێراق گرنگە."