گرانترین کارتی سووری مێژوو

دۆشان ڤلاهۆڤیچ، هێرشبەری یانەی یوڤێنتوس
دۆشان ڤلاهۆڤیچ، هێرشبەری یانەی یوڤێنتوس

کارگێری یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵیا، بڕیاریداوە بەهۆی کارتە سوورەکەی دۆشان ڤلاهۆڤیچ هێرشبەری سڕبی یانەکەی، ئەو یاریزانە بە پێ بژاردنی 70 هەزار یۆرۆ سزا بدات.

رۆژنامەی لاگازێتا دلۆ سپۆرتی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، دۆشان ڤلاهۆڤیچ بە 70 هەزار یۆرۆ لەلایەن کارگێری یانەکەی سزادراوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی لە یارییەکەی بەرامبەر جێنەوا بە کارتی سوور دەرکرا.

هێرشبەرە سڕبیەکەی ڕۆژی یەکشەممە 17ـی ئازاری 2024 لە کۆتاییەکانی یاری یانەکەی بەرامبەر جێنەوا، لە ماوەی کەمتر لە خولەکێکدا دوای یەکەم کارتی زەردی، دووەم کارتی زەردی وەرگرت و بەهۆی ناڕەزایەتییەکی زۆرەوە بەرامبەر ناوبژیوان لە یارییەکە دەرکرا.

سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە کارگێری بیانکۆنێری بڕیاریداوە، بەهۆی ئەو کارتە سوورەی ڤلاهۆڤیچ، بە رێژەی ٪5 لە مووچەی مانگانەی کەم بکاتەوە، کە دەکاتە نزیکەی 70 هەزار یۆرۆ.

ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنەری خانمە پیرەکە، دوای یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ڤلاهۆڤیچ دەبێت بە شێوەیەک سزا بدرێت، بۆ ئەوەی لەمەودوا لە کاتی یارییەکان فێربێت بەسەر هەستەکانیدا زاڵ بێت.