ئیسرائیل سەبارەت بە بەکارهێنانی چەک گەرەنتی بە واشنتۆن دا

شەڕی ئیسرائیل و حەماس
شەڕی ئیسرائیل و حەماس

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی ئەمەریکی رایگەیاند،لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئیسرائیل گەرەنتی بەکارهێنانی چەک بە واشنتۆن داوە.

بەرپرسێکی ئەمەریکی پشتڕاستی کردەوە کە "ئیسرائیل لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گەرەنتی نووسراوی پێشکەش کردووە، و تێیدا هاتووە بەکارهێنانی ئەو چەکانەی واشنتۆن دابینی کردووە بۆ پێشێلکردنی یاسا مرۆییەکان لە غەززە نییە".

لای خۆیەوە رۆیتەرز پشتراستی کردەوە کە ئیسرائیل ماوەیەکی کەمی ماوە بۆ نووسراوکردنی گەرەنتی تا سەرەتای مانگی نیسان، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات، کە ئایا گەرەنتیەکانی ئیسرائیل جێی متمانەن یاخود نا. و دەبێت ئیسرائیل ڕاپۆرتێک پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمەریکا بکات.

سەرەتای ئەم مانگە، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل نامەیەکی بۆ ئیدارەی ئەمەریکا نارد و تێیدا پشتڕاستیکردووەتەوە، کە تەلئەڤیڤ چەکی ئەمەریکی لە غەززە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەکاردەهێنێت، هەروەها ڕێگە دەدات هاوکارییەکانیش بگاتە غەززە.

لای خۆیانەوە دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە کەرتی غەززە دەڵێن: "لە هێرشەکەدا نزیکەی 32 هەزار کەس کوژراون کە ئیسرائیل دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەردا ئەنجام دا، تەلئەڤیڤیش دەڵێت، "هەزار و 200 کەسمان کوژراون".

مانگی ڕابردوو جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا یاداشتێکی نوێی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکای بڵاوکردەوە و بیری ئەو وڵاتانە هێنایەوە کە چەکی ئەمەریکایان پێدەگات، بەو مەرجەی پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن.