سعوودییە بە بڕی 40 ملیۆن دۆلار هاوکاری ئاژانسی ئۆنروا دەکات

K24 - هەولێر

شانشینی سعوودییە ڕایگەیاند، 40 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریی ئاژانسی فریاگوزاری و کاروباری پەنابەرانی فەڵەستینی "ئۆنروا" تەرخانکردووە تاوەکو هاوکاریی فەڵەستینییەکانی پێ بکات.

بەخشینی ئەو پارەدارە لەلایەن ناوەندێکی تایبەتەوە بۆ غەززە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی ئۆنروا ڕووبەڕووی ڕاگرتنی هاوکارییەکان بووەتەوە لەلایەن ئەمەریکا و بەریتانیا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل 12 کارمەندی ئۆنروای تۆمەتبار کردبوو کە دەستیان لە هێڕشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ـی حەماس دا هەبووە.

"ناوەندی فریاگوزاری مەلیک سەلمان بۆ کاروباری مرۆیی" لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئەو هاوکارییە بە ئامانجی پاڵپشتیی ئەو ئاژانسەیە کە هاوکارییە مرۆییەکان پێشکەش کەرتی غەززە  دەکات؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەرەتای دەستپێکی شەڕی غەززە ئاژانسەکە "خواردنی بۆ 250 هەزار کەس دابین کردووە هەروەها خیوەتیشی بەسەر 20 هەزار خێزان دابەش کردووە".

د. عەبدوڵڵا ڕەبیعە سەرپەرشتیاری گشتیی ناوندەکە دەڵێت: "ئەو هاوکارییە بە ڕێنمایی مەلیک سەلمان و شازادە محەممەد بن سەلمان بووە بۆ پاڵپشتی کردنی گەلی فەڵەستین لەم کاتەدا، کە ژیانیان لە مەترسی دایە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ناوەندی فریاگوزاری مەلیک سەلمان پابەندە بەهاریکاری و پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بە هاووڵاتیانی غەززە.