دادگایەکی ئەمەریکا شەش قوتابی خوێندنگایەک دەستگیر دەکات

خوێندگایەکی ئەمەریکا
خوێندگایەکی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

دەسەڵاتی دادوەریی ئەمەریکا سکاڵایەکی دژی شەش خوێندکاری قوتابخانەیەکی ناوەندی لە ویلایەتی ماساشوستس لە ئەمەریکا تۆمارکرد، ئەمەش دوای ڕووداوێکی قسەکردنی ڕەگەزپەرستانە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە، کە گرووپێکیان دروست کردووە بەناوی "مەزادێکی ساختەی کۆیلە".

دەسەڵاتدارانی ویلایەتەکە ڕایانگەیاند، خوێندکارانی قوتابخانەی ناوچەی باشوور "مەزادێکی ساختەی کۆیلەی ئۆنلاین"یان  لە پلاتفۆڕمی سۆشیال میدیای سناپچات ساز کردووە، کە تێیدا خوێندکارە سپیپێستەکان  قسەی ڕەگەزپەرستانە بە هاوپۆلە ڕەشپێستەکانیان دەڵێن.

لای خۆیەوە کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، چەند خوێندکارێک لەو خوێندکارانە ڕاگیراون، لەوانە دوو خوێندکار بۆ ماوەی 25 ڕۆژ، یەکێکیان بۆ ماوەی 45 ڕۆژ، لە کاتێکدا 6 لەو خوێندکارانە بە تۆمەتی هەڕەشەی تاوان، تۆمەتبارکراون.

ئەلیسۆن لۆپێز، دایکی یەکێک لەو قوتابیانەی کە لەلایەن قوتابییە سپی پێستەکانەوە گێچەڵی پێکراوە دەڵێت: "کچەکەم ڕۆژێک دوای ئەو گفتوگۆیە لە 9ـی شوباتدا لە حاڵەتێکی هیستریادا لە خەو هەڵسا و دەگریا، لەو ساتەدا تێگەیشتنێکی تەواوم نەبوو لەوەی چی ڕوودەدات،  کاتێک گەیشتە قوتابخانە، یەکێک لە هاوڕێکانی لە ڕێگەی سناپچاتەوە باسی گفتوگۆی سەبارەت بەو ڕووداوە کرد. راستەوخۆ چوومە لای ئیدارەی قوتابخانەکە و ڕاپۆرتم دا کە چی ڕوودەدات؟ قوتابخانەکە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی دەست پێکرد، و دواتر من ڕاپۆرتەکەم وەرگرت پەیوەندیم بە دادگاوە کرد بۆ ئەوەی لەم بابەتە ئاگاداربن و لێی بکۆڵنەوە".

لۆپێز دەڵێت "کچەکەم  تووشی چەند قۆناغێک زەبر و زەنگ بووە، تووشی بارێکی سەخت بووە و باری دەروونی تێكچووە".