رۆژنامەی ئەلعەرەب: نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق نەیتوانیووە ئامانجەکانی خۆی بپێکێت

یونامی
یونامی

K24 – هەولێر:

رۆژنامەیەکی عەرەبی لە راپۆرتێکدا باس لە رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و وڵاتە عەرەبییەکان دەکات و ئاماژەی بەوەکردووە: بەهۆی ناکۆکی ناوخۆیی و گرفتە سیاسییەکانەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان نەیتوانیووە ئامانجەکانی خۆی بپێکێت.

رۆژنامەی ئەلعەرەب بڵاویکردووەتەوە، ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەى دێنە بەردەم نوێنەر و رێکخراوە جۆراوجۆرەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و وڵاتە عەرەبییەکاندا، هۆکارى سەرەکیین بۆ نەگەشتنە ئامانجی بەرنامەکانیان.

رۆژنامەکە هەڵگیرسانى جەنگ، ناکۆکی ناوخۆیی و سەرهەڵدانى گرفتە سیاسییەکان لە وڵاتانى عەرەبی بەگشتى و لە عێراق بەتایبەتى بە رێگری سەرەکی لە گەیشتن بەئامانجی نەتەوەیەکگرتووەکان دەزانێت کە ئەوانە هۆکاربوون بۆ بەفیڕۆدانى کات و سامان و توانا مرۆییەکانى ئەو رێکخراوانە و دواجاریش وەک رەخنەى سەرەکی رووبەڕوویان بووەتەوە.

دیارترین ئەو گلەیی و نیگەرانییانەى رووبەڕووى نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێتەوە لە عێراق، چارەسەرنەکردنى کەمپەکانى تایبەت بە رێکخراوى داعش و دەستگیرکراوەکانیانە کە تاوەکو ئێستاش زۆرینەى دۆسییەکانیان بە چەق بەستوویی ماونەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 22ـی کانوونی دووەمی 2024، رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راپۆرتێکی لەسەر گەندەڵی فەرمانبەرانی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاو کردەوە، کە گوایە فەرمانبەرەکان بەرتیل لە بازرگانان وەردەگرن.

لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەشدا، گوتەبێژی فەرمی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە وەڵامی راپۆرتی رۆژنامە بەریتانییەکە رایگەیاند، ئێمە هەموو تۆمەتەکان بە جددی وەردەگرین و بە خێرایی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکەین، ئێمە رێوشوێنی توند و گونجاو دەگرینەبەر ئەگەر هەریەکێک لەم تۆمەتانە بسەلمێنرێت.