پارێزگاری نەینەوا هاوخەمی و پشتیوانی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک دەردەبڕێت

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەردوو پارێزگاری دهۆک و نەینەوا
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەردوو پارێزگاری دهۆک و نەینەوا

K24 – هەولێر:

شاندێکی پارێزگای نەینەوا بە سەرۆکایەتی عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد و هاخەمی خۆیان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک دەربڕی و ئامادەیی خۆشیان نیشاندا بۆ هەر هاوکارییەک.

رۆژی پێنجشەممە (21ـی ئاداری 2024) عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای نەینەوا سەردانی شاری دهۆکیان کرد و لەلایەن عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و بەرپرسانی ئیداری شارەکەوە پێشوازییان لێکرا.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشی هەردوو پارێزگاری دهۆک و نەینەوا باس لە ئامانجی سەردانیکردنی شاندەکە بۆ دهۆک کرا و راگەیەندرا، کە بۆ دەربڕینی هاوخەمی و پشتیوانی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی شاری دهۆک سەردانی پارێزگاکەیان کردووە.

هاوکات عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک سوپاسی پارێزگاری نەینەوای کرد بۆ دەربڕینی هاوخەمی بۆ رووداوەکە و گەیاندنی هاوکاری بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتییانی زیانلێکەوتوو، جەختیشی کردەوە کە پارێزگاری نەینەوا هەموو ئامادەییەکیان نیشانداوە بۆ هاوکاریکردنی پارێزگای دهۆک.

لەلایەن خۆیەوە، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆی بۆ قوربانی و زیانلێکەوتووانی لافاوەکە، ئامادەیی دامودەزگاکانی نەینەوای بۆ هاوکاریکردنی خەڵک و ئیدارەی پارێزگای دهۆک راگەیاند و ئێمە بەرپرسیاریەتی مێژوویی خۆمان جێبەجێ کردووە و لە سەرەتای رووداوەکەوە لە پەیوەندیدابووین لەگەڵ پارێزگاری دهۆک.

پارێزگاری نەینەوا گوتیشی: ئێمە لەگەڵ دهۆک وەک دوو پارێزگاری دراوسێ مافمان بەسەر یەکەوە هەیە و پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوانمان هەیە، هەرچەندە بەهۆی کارەساتێکی سرووشتی ئەم سەردانەمان کردووە، بەڵام لە داهاتوودا پەرەی زیاتر بە پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی نێوانمان دەدەین.

بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە (19ـی ئاداری 2024) شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بووە. بەهۆی بارانەکەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو دروستبوو، کە بووە هۆی زیانگەیاند بە ژمارەیەک خانوو و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان و چەند فەرمانگەیەکی حکومی.

هەروەها رۆژی (21ـی ئاداری 2024) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی مەنسوور بارزانی نوێنەری سەرۆک بارزانی، نوێنەرانی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆک بارزانی، 117 شووقە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک تەرخان کران و دواتریش لە رێورەسمێکدا بەسەر خانەوادەکاندا دابەشکرا.