پزیشکانی ئەمەریکا بۆ یەکەمجار گورچیلەی بەرازیان بۆ مرۆڤێک چاند

K24 – هەولێر:

نەخۆشخانەیەکی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، پزیشکانی ئەم نەخۆشخانەیە بۆ یەکەمجار توانیان گورچیلەی بەرزاێک کە دەستکاری بۆماوەییەکەی کرابوو، بۆ مرۆڤێک بچێنن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (21ـی ئاداری 2024) نەخۆشخانەیەکی ئەمەریکا رایگەیاند، پزیشکانی نەشتەرگەری ئەمەریکی توانیان بۆ یەکەمجار گورچیلەی بەرازێک کە دەستکاری بۆماوەیەکەی کرابوو بۆ مرۆڤێک بچێنن، ئەمەش هەنگاوێکی نوێیە کە وادەکات چارەسەری کەمی ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ بکات.

نەخۆشخانەی گشتی ماساچوستس لە بۆستن، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، نەخۆشە تەمەن 62 ساڵەکە "بە باشی چاک دەبێتەوە" لە نەشتەرگەرییەک کە کەمتر لە هەفتەیەک لەمەوبەر بۆی ئەنجامدراوە.

بەراز لەڕووی بۆماوەییەوە دەستکاری دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەناوبردنی سیستەمی بەرگری وەرگر کە ئەو ئەندامەی بۆ دەچێندرێت.

لە راگەیەندراوێکدا کە لە زاری نەخۆشێک بە ناوی ریچارد سلێمانەوە هاتووە، " پزیشکەکان بە وردی لایەنە باش و خراپەکانی ئەم رێکارەیان ڕوونکردەوە".

 ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییەدا رێگەیەکم دۆزیەوە نەک تەنها یارمەتیم بدات، بەڵکو هیوایەک بە هەزاران کەس ببەخشێت کە پێویستیان بە چاندنی ئەندامەکانی جەستەیان هەیە بۆ ئەوەی بژین".

لە ئێستادا زیاتر لە 100 هەزار ئەمەریکی لە لیستی چاوەڕوانییەکاندان بۆ ئەنجامدانی چاندنی ئەندامەکانی جەستە، لەنێویاندا نزیکەی 88 هەزار کەس لە چاوەڕوانی چاندنی گورچیلەدان.

چاندنی ئەندامەکانی ئاژەڵ بۆ ناو جەستەی مرۆڤ، لەم ساڵانەی دواییدا پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2021، پزیشکانی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی لانگۆنی زانکۆی نیویۆرک، یەکەمین چاندنی گورچیلەی بەرازیان بۆ جەستەی مرۆڤێکی مێشک پەککەوتوو لە جیهاندا ئەنجامدا.