سەرۆکی شارەوانی دهۆك: سەرجەم زیانلێکەوتووانی لافاوەکە بە چەند قۆناغێك قەرەبوو دەکرێنەوە

میللەت سالم، سەرۆکی شارەوانی دهۆک
میللەت سالم، سەرۆکی شارەوانی دهۆک

K24 – دهۆک:

سەرۆکی شارەوانی دهۆک ئاشکرایکرد، سەرجەم دانیشتووانی ناوەندی شار و دەرەوەی شاری دهۆک کە لە لافاوەکە زیانیان پێگەیشتووە، بە چەند قۆناغێک قەرەبوو دەکرێنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (21ـی ئاداری 2024) میللەت سالم، سەرۆکی شارەوانی دهۆک، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو شەپۆلە بارانبارینە چاوەڕواننەکراوبوو، لە کاتژمێر 8ـی بەیانی دەستیپێکرد تا کاتژمێر 8ـی ئێوارە بەردەوام بوو، لە ماوەکانی رابردوودا هیچ کاتێک بارانێکی لەو شێوەیە لە دهۆک نەباریووە.

سەرۆکی شارەوانی دهۆک، لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دەڵێت: لەسەرەتای دروستبوونی لافاوەکە سەرۆک بارزانی هاتە سەر هێڵ و فەرماندە مەنسور بارزانی راسپارد تا سەردانی دهۆک بکات، لەکاتی سەردانەکەشیدا سەرجەم کەس و ماڵە زیانلێکەوتووکانی بەسەرکردووە و بڕیاریدا، سەرجەمیان بەبێ جیاوازی قەرەبوو بکرێنەوە.

میللەت سالم، گوتی: قەرەبووکردنەوەکەش خۆی لە سێ قۆناغ دەبینێتەوە، قۆناغی یەکەم؛ ئەو خانووانەی لە دەرەوەی ماستەر پلانی حکومەت کە دروستکرابوون و زیانیان بەرکەوتبوو، سەرجەمیان قەرەبوو کرانەوە و شوقەی کواڵێتی باشیان وەرگرتن کە ژمارەیەن 117 خانوو بوو.

ناوبراو گوتیشی: لە قۆناغی دووەمدا ئەو شوێنانەی کە مەترسی لافاویان لەسەرە چارەسەر دەکرێن، هەروەها 17 کەسی دیکە کە ماڵیان بەهۆی لافاوەکە وێرانبووە یان پێداویستییەکانی ناو ماڵیان فەوتاوە، ئەوانیش سەرجەمیان قەرەبوو دەکرێنەوە.

سەرۆکی شارەوانی دهۆک، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، لە قۆناغی سێیەمدا؛ دانیشتووانی دەوروبەری دهۆک کە بەهۆی لافاوەکە زیان بەرکەوتووە قەرەبوو دەکرێنەوە، فەرماندە مەنسور بارزانی بەڵێنی ئەوەی داوە کە " سەرجەم زیانلێکەوتووان ئەگەر هاتوو زیانەکەشیان زۆر بچووک بێت هەر قەرەبوو دەکرێنەوە".

بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، (19ـی ئاداری 2024)، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک و زاخۆ بوو. بەهۆی بارانەکەوە، لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو دروستبوو، ئاو چووە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە رێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخران.

هەروەها ئەمڕۆ پێنج شەممە، (21ـی ئاداری 2024)، سەرچاوەیەک لە پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای رووداوی لافاوەکەی دوو رۆژی رابردوو لە دهۆک، کە زیانێکی زۆری بە هاووڵاتییان گەیاند، سەرۆک مەسعود بارزانی بڕیاری دا قەرەبوویان بکاتەوە بەیەکەی نیشتە جێبوون کە 117 شوقە لە خۆ دەگرێت.