کۆنگرێسمان دۆن بەیکن: پێویستە زیاتر هاوكاری و پشتیوانیی کورد بکەین

کۆنگرێسمان دۆن بەیکن
کۆنگرێسمان دۆن بەیکن

K24 – هەولێر:

کۆنگرێسمانێک لەناو کۆنگرێسی ئەمەریکا بە زمانی کوردی پیرۆزبایی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لە گەلی كورد دەكات و دەڵێت: پێویستە دڵنیابینەوە لەوەی جارێكی دیكە تاوانی هاوشێوەی هەڵەبجە و ئەنفال بەرامبەر كورد ناكرێتەوە.

کۆنگرێسمان دۆن بەیکن و هاوسەرۆکی گرووپی پاڵپشتیی کورد لە کۆنگرێسی ئەمەریکا لە كۆنگرێسی وڵاتەكەی بەبۆنەی یادی 36 ساڵەی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە و نەورۆز و ساڵی 2724ی كوردییەوە وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند، كورد هاوپەیمانێكی ناوازەن و سەرەرای هەموو نەهامەتی و بێدادییەكان لەسەرپێی خۆیان ماونەتەوە و پێویستە زیاتر هاوكاریی و پشتیوانیان بكەین.

دۆن بەیکن، کۆنگرێسمان و هاوسەرۆکی گرووپی پاڵپشتیی کورد لە کۆنگرێسی ئەمەریکا گوتی: "36  ساڵ لەمەوبەر و لەم هەفتەیەدا، سەدام حوسێن كابووس و تارماییەكی باراند بەسەر شاری ئاشتی، شاری هەڵەبجەدا، بۆ هەمیشە ئەم تراژیدیاییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەمێنێتەوە. ئەو دڕندەیی لەماوەی كەمپەینەكانی ئەنفال ئەنجامدران ئەوەمان بیردەخاتەوە، مرۆڤایەتی دەتوانێت چەندە دڵڕەق بێت".

لە درێژەی وتارەکەیدا بەیکن ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو ترس و تۆقینەی لەو ڕۆژەدا بەسەر خەڵكی هەڵەبجەدا بارێندرا، كە بێڕەحمانە بەگازی خەردەل و گازی دژە دەمار هێڕشیان كرایەسەر، بەهۆیەوە هەزاران كەسی بێتاوان گیانیان لەدەستدا. هێشتا، وێرانكاری و گەورەیی ئەو تاوانە لەوێدا كۆتایی نەهات. بۆ زۆرێك لە رزگاربووان، تاعوونی پاشماوەی ئەو هێرشە كیمیاییە هێشتا لەسەریان بەردەوامە، دۆخی تەندروستیان تێكچووە، رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە زیادیكردووە و كێشەی تەندروستی بۆ منداڵانی تازە لەدایكبوو دروست كردووە".

ئەو کۆنگرێسمانە ئەمەریکییە سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا: "برینی هەڵەبجە قووڵە، لەڕووی فیزیكی و دەروونیەوە، نەوە دوای نەوە وەك یادەوەریی و نیشانەیەكی تاڵ بۆ دڵڕەقی شەڕ دەمێنێتەوە".

لە وتارەکەی دۆن بەیکندا هاتووە: "هەڵەبجە تەنیا رووداوێكی بەتەنیا نەبوو، بەشێك بوو لە كەمپەینە مەترسیدارەكانی ئەنفال. كە لەماوەی دوو ساڵدا، زیاتر لە 180 هەزار هاوڵاتی سڤیل لەناوبران و گوندەكانیشان لەگەڵ زەوی تەخت كران، شێوازی ژیانیان بەشێوەیەك شێوێندرا ناتوانرێت بناسرێتەوە. كوردستان قەتماغەی ئەم كەمپەینەی تیرۆری لەسەر ماوە، بیرهێنانەوەیەكە بۆئەوەی بێدەنگی بەرامبەر ئەو كارە خراپ و شەیتانیانە چ باجێكی هەیە".

هاوسەرۆکی گرووپی پاڵپشتیی کورد لە کۆنگرێسی ئەمەریکا گوتیشی: "ئەمڕۆ كە لێرە كۆبووینەتەوە، دوای 36 ساڵ لە وەبیرهێنانەوەی قوربانیانی هەڵەبجە و كەمپەینەكانی ئەنفال، پێویستە نەك تەنیا پرسە بەڵكو زیاتر بكەین. پێویستە بەتوندی ئیدانەی ئەو جینۆسایدە بكەین دژی گەلی كورد ئەنجامدرا و پابەندی خۆمان بۆ رێزگرتن و پیرۆزی ژیانی مرۆڤ دووپاتبكەینەوە. با بەڵێن بدەین هیچكات ڕێگە نەدەین تاوانی لەوشێوەیە ڕووبداتەوە، وەك پارێزەی ئاشتی و دادپەروەری لە جیهان بمێنینەوە، كە زۆر جار بەهۆی بی ئاگایی و توندوتیژییەوە تێك دەدرێت".

لەبارەی قوربانیانی هەڵەبجەوە، دۆن بەیکن باسی لەوەکرد: "بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی هەڵەبجە، با رێز لە خۆڕاگری رزگاربووان بگرین، ئەوانەی هێشتا ورە و رۆحیان سەرەرای ئەو كارەساتانە بە زیندوویی ماوەتەوە. دەکرێت ئازایەتی و خۆڕاگری ئەوان هانمان بدات، بۆئەوەی هەوڵەكانمان چەند هێندە بكەین، رێگە نەدەین ئەو تاوانانەی دژی هەڵەبجە ئەنجامدران هەرگیز دووبارە نەبنەوە".

هەروەها گوتیشی: "دەمەوێت ساتێك تەرخان بكەم و رێز لە كوردە هاوپەیمانەكانمان بگرم، بۆ دۆستایەتی و هاوبەشییان لە شەڕی دژی داعش، ئەلقاعیدە و میلیشیا شیعەكان لە عێراق. من چوار جار ئەركداركراوم و رەوانەی ئەو ناوچەیە كراوم، كورد هاوپەیمانێكی ناوازەن و من هەمووكات سوپاسگوزاریانم".

لە كۆتاییدا وتارەکەیدا، دۆن بەیکن، کۆنگرێسمان و هاوسەرۆکی گرووپی پاڵپشتیی کورد لە کۆنگرێسی ئەمەریکا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی کرد و گوتی: ئەمڕۆ 21ـی ئادار، سەری ساڵی نوێی كوردییە. میرات و فەرهەنگی دەوڵەمەند، خۆڕاگری و پێداگریی گەلی كورد بەردەوام هانمان دەدات. دەمەوێت پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە هەموو كوردێك بكەم لە هەموو جیهان. هیوادارم ساڵی نوێ لەگەڵ خۆی خۆشی، هیوا و دەرفەتی بێ شوومار بۆ گەشەسەندن و سەركەوتن لەگەڵ خۆی بهێنێت. نەورۆزتان پیرۆز بێت، بە كوردی واتە سەری ساڵی نوێتان پیرۆز بێت".