پەرلەمانتارێك داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەرکی "یونیتاد" لە عێراق دەکات

مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق
مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عێراق داوا لە محەممەد شیاع سوودانی دەکات بڕیاری کۆتایهێنان بە کارەکانی "یونیتاد" تیمی تایبەتمەند لە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش هەڵبوەشێنتەوە و دەڵێت: "کۆتاییهێنان بە ئەرکی ئەو تیمە گورزێکی گەورە لە پرسی ئێزیدییەکان دەدات".

ئەمڕۆ هەینی (22ـی ئاداری 2024) مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عێراق، داوایەکی ئارستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەیزرانی عێراق کردووە، لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کۆتاییهێنان بە کارەکانی "یونیتاد" کە تیمی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانن کارەکانیان تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی چەکدارانی داعش لە عێراق.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق دەڵێت: کۆتاییهێنان بە ئەرکی ئەو تیمە پێش تەواوکردنی لێکۆڵێنەوەکانیان گورزێکی گەورە لە پرسی گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدییەکان دەدات.

مەحما خەلیل، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هۆکارەکانی کۆتاییهێنان بە کارەکانی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ تاوانەکانی داعش "یونیتاد" پێش تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانیان لە تاوانەکانی داعش، هۆکاری گرژی پەیوەندی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بوو.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، کۆتاییهێنان بە کارەکانی تیمەکە نادروستە، چونکە خاوەنی سەرچاوەیەکی گەورەی زانیارین و درێژکردنەوەی ئەرکیان دەبێتە هۆی زیادبوونی زۆری زانیاری و بەڵگەنامەکان سەبارەت بە تاوانەکانی داعش، هەروەها رێگە بە حکومەت دەدات ئەو بەڵگەنامە و زانیاریانە بەدەستبهێنێت و، لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بەکاریان بهێنن دژی ئەو وڵات و رێکخراو و لایەنانەی کە هاوکاری داعشیان کردووە.

ناوبراو جەختی لە گرنگی گەڕاندنەوەی لیژنەکە و کردنەوەی رێگا بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانیان کردەوە، کە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدییەکان، بەدەستهێنانی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەیان و، ئاشکرابوونی چارەنووسی ئەو ئافرەت و پیاوانەی کە ونبوونە ژمارەکەیان زیاترە لە 2500 کەس، هەروەها هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان.

تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ لە تاوانەکانی داعش "یونیتاد" بە بڕیاری 2379ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2017 لە عێراق دەستبەکاربوونە. تیمەکە نزیکەی 230 کارمەند و سێ نووسینگەی لە عێراق هەیە. یەکێکیان لە بەغدایە، دووانیشیان لە هەرێمی کوردستانن، لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک".

ئەمساڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای فەرمیی حکوومەتی عێراق، بڕیاری 2697 بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونیتادی دەکرد. ئەو تیمە تاوەکو 17-09-2024 لە ئەرکەکەی لە عێراق بەردەوام دەبێت.