یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا: رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

سڵێست واڵەندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا
سڵێست واڵەندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچێتە ناو شەڕ و ململانێوە، بەڵام هێرشکردنە سەر هێزەکانیان قبوڵکراو نییە.

لە دانیشتنێکی کۆنگرێس لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، سڵێست واڵەندەر رایگەیاند، ئێران و بەکرێگیراوانی لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەرپرسیارن و رێگەش نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

سڵێست واڵەندەر گوتیشی:" بەردەوامین لە کارکرن بۆ راگرتنی شەڕ لە کاتێکدا بەرپەرچی وڵاتان و لایەنەکانی دیکە دەدەینەوە کە دەیانەوێت گرژییەکان زیاتر بکەن، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئێران و بەکرێگیراوانی لە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بە بەرپرسیار دادەنێت".

یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکرد: "لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕمان ناوێت، بەڵام هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا قبوڵ ناکرێت و ئامادەین بۆ بەکارهێنانی هەموو ئامرازێک تا رێگری بکەین لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، لە کاتێکدا کار دەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی چالاکییەکانی تێکدانی سەقامگیری لەلایەن ئێرانەوە."