کامەران غەریب: بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی ئەجێندای ناحەزانی هەرێم جێبەجێ دەکەن

کامەران غەریب، چاودێری سیاسی
کامەران غەریب، چاودێری سیاسی

K24 – هەولێر:

چاودێرێکی سیاسی دەڵێت: ئەو گرووپەی سلێمانی کە لە سەهۆڵکە هەڵپەڕکێیان ساز کردبوو دژایەتی پڕۆژەی "هەژماری من"ـیان کردبوو، حەزیان بە فەرهەنگی بێگانە هەیە و نایانەوێت دەسەڵاتێکی خۆماڵی کاروبارەکانیان رێکبخات.

کامەران غەریب، چاودێری سیاسی بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی سنووری سلێمانی ئەجێندای ناحەزانی هەرێم جێبەجێ دەکەن، بۆ ئەوەی خوێندن لەو سنوورە پەک بخەن.

ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت: لەو سنوورە کۆمەڵێک مامۆستای دڵسۆزیش هەن کە داوای مافی خۆیان دەکەن و بەبێ ئەوەی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بکەن.

کامەران غەریب، ئاماژەی بەوەدا، "بەشێک لە مامۆستایان کە گرووپێکی بێگانە هانیان دەدات بەردەوام بە دروشمی دژایەتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دژایەتی پڕۆژەی "هەژماری من"ـیش دەکەن، لە بەرامبەردا پشتگیری لە پڕۆژەی بێ کەڵکی تەوتینی بەغدا دەکەن، لە هەمانکاتدا دوژمنانی هەرێمی کوردستان بە رێبەر و رێنیشاندەری خۆیان دەزانن".

ئەو چاودێرە سیاسییە، گوتیشی: ئەو گرووپەی سلێمانی کە لە سەهۆڵکە هەڵپەڕکێیان ساز کردبوو دژایەتی پڕۆژەی "هەژماری من"ـیان کردبوو، حەزیان بە فەرهەنگی بێگانە هەیە، حەزیان لەوە نییە کە دەسەڵاتێکی خۆماڵی بتوانێت کاروبارەکانیان رێکبخات، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک کە سوودێکی زۆری بۆیان هەیە و دەتوانن لە 19 خزمەتگوزاری سوودمەند بن.

کامەران غەریب، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، "لە پڕۆژەی تەوتینی حکومەتی عێراق دوو بانکی گەندەڵ بە ناوی رەشید و رافیدەین بەشدارن، کە لە دزی سەدەدا بەشداربوون، ئەگەر هاووڵاتییان ئەو سەرشۆڕییەیان پێ باشە با پڕۆژەی تەوتین هەڵبژێرن و پیرۆزیان بێت".

ئەو چاودێرە سیاسییە، جەختی لەوەش کردەوە، "شاری سلێمانی لە رابردوودا هەمیشە سەرەڕمی شۆڕش و قوربانیییەکان بووە، ئێستا لەژێر هەیمەنەی کۆمەڵێک حزبی سیاسین و وایان لێهاتووە وەسفی داگیرکەر دەکەن".