مایکڵ کوریلا: گرووپە چەکدارەکان بە چەکی پێشکەوتوو پڕچەک کراون و هەڕەشەن لەسەر بازرگانی جیهانی

مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا
مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، لە شەش مانگی رابردوو بەکرێگیراوانی ئێران لە عێراق، سووریا، لوبنان، یەمەن، غەززە، کەناری رۆژئاوا چالاک بوونە. ناوبراو ئاشکراشی دەکات، گرووپە چەکدارەکان بە چەکی پێشکەوتوو پڕچەک کراون و لەسەر بازرگانی جیهانی هەڕەشەن و کاریگەریان لەسەر جیهان و ئەمریکا هەیە.

ئەمڕۆ هەینی (22ـی ئاداری 2024) لە دانیشتنێکی کۆنگرێس لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، ئێران چەندین دەیە کاری کردووە تا لەڕێگەی بەکرێگیراوانی ناوچەکە گەمارۆ بدات، لە شەش مانگی رابردوو هەموو بەکرێگیراوێک لە تۆڕی هەڕەشەکانی ئێران لە ناوچەکە چالاک کراوە، لە عێراق، سووریا، لوبنان، غەززە، کەناری رۆژئاوا و یەمەن.

فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا، تۆڕی فراوانی بەکرێگیراوانی ئێران (گرووپە چەکدارەکان) بە چەکی پێشکەوتوو پڕچەک کراون و هەڕەشەن لەسەر بازرگانی جیهان کە کاریگەرییان لەسەر جیهان و ئەمەریکا هەیە.

مایکڵ کوریلا، دەڵێت: "هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە جەنگییەکانمان و گواستنەوەی جیهانی لەگەڵ هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆسەر هەر هێزەکمان لە عێراق و سووریا، ئەنجامێکی راستەوخۆی هەڕەشەکانی ئێرانە کە زیاتر بڵاوبووەتەوە".

فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا لەبارەی ئەفغاستانەوە گوتی: رێکخراوە توندڕەوەکان دەرفەتیان قۆستووەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵ داعش هێرشەکانی لە عێراق و سووریا دەستپێکردووە، مەترسی هێرشیش لە ئەفغانستانەوە زیاتر بووە.

هاوکات گوتیشی: رێکخراوی داعش لە خۆراسان تواناکان و ویستی هەیە تا لە ماوەی شەش مانگ یان بەبێ ئاگادارکردنەوە هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و رۆژئاوا لە شوێنەکانی دیکە.