پێشەوا هەورامانی: بابەتی مووچە نەدەبووە کێشە ئەگەر قوباد تاڵەبانی داوای جیاکردنەوەی مووچەی سلێمانی لە بەغدا نەکردبایە

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بابەتی موچە نەدەبووە کێشە ئەگەر قوباد تاڵەبانی داوای لە خالید شوانی نەکردایە داوای جیا کردنەوەی مووچەی سلێمانی بکەن.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حوکمەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی راگەیەندراوێکدا لەژێر ناونیشانی (کێشەی مووچە کەی سەری هەڵدا) گوتی: بابەتی مووچە نەدەبووە کێشە، ئەگەر قوباد تاڵەبانی داوای لە خالید شوانی نەکردایە داوای جیا کردنەوەی مووچەی سلێمانی لە بەغدا بکەن، بۆ ئەوەی کەس لە داهاتی سلێمانی نەپرسێت.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، "دواتر هەر  قوباد تاڵەبانی ئەمری بە سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکەی کرد لە بەغدا، کە لە ژێر واژۆی پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزسیۆنی ساختە واژۆ بکەن بۆ ئەوەی راستەوخۆ پارەی سلێمانی بنێرن".

هەورامانی گوتیشی: "بێگومان ئێستا دوای ئەو هەموو نەهامەتییەی بەسەر میللەتەکەمان هێنایان نایانەوێ دان بە هەڵەکەیاندا بنێن، بۆیە قسەکانی گوتەبێژی حکومەت بە هی خۆیان نازانن، چونکە پابەندی بڕیارەکانی حکومەت نەبوون و ئەوەندەی لەخزمەت بڕیارەکانی دژ بە میللەتەکەمان بوون ئەوەندە لەخزمەت خەڵک و میللەتەکەمان نەبوون، کە راستییەکان دەوترێن یەکسەر دەشڵەژێن و بەیاننامە دەردەکەن".