سەرۆکی کۆریای باشوور هۆشداری دەداتە پیۆنگ یانگ

یۆن سیۆک یون، سەرۆکی کۆریای باشوور
یۆن سیۆک یون، سەرۆکی کۆریای باشوور

K24 – هەولێر

سەرۆکی کۆریای باشوور رایگەیاند، ئەگەر پیۆنگ یانگ خەریکی گێچەڵ دروستکردن بێت بۆ سەر وڵاتەکەمان ئەوە باجێکی قورس دەدات.

یۆن سیۆک یول، سەرۆکی کۆریای باشوور لە مەراسیمێکی سەربازیدا، هۆشداری دایە کۆریای باکوور کە ئەگەر "خەریکی گێچەڵ دروستکردن بێت بۆ سەر وڵاتەکەی ئەوا باجێکی قورس دەدات "، ئەمەش لە پاشخانی تاقیکردنەوەی ئەو مووشەکە بەردەوامانەی پیۆنگ یانگ.

یۆن دەڵێت: "سوپای ئێمە دۆخێکی توندی ئامادەیی دەپارێزێت و بە توندی بەرگری لە ئازادی و سەلامەتی کۆریای باشوور دەکات بە وەڵامدانەوەی دەستبەجێ و بە شێوەیەکی سەرسەختانە بۆ هەر گێچەڵییەک".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر کۆریای باکوور بەبێباکی خەریکی گێچەڵکردن بێت، بە دڵنیاییەوە باجێکی قورس دەدات.

هەروەها یۆن بەڵێنی دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و ژاپۆن بە هێزتر بکات و هاوکاری ئەمنی لەگەڵ ئەمەریکا توندوتۆڵ بکات.

لەم هەفتەیەدا کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستی مەودای کورتی هەڵدا و تاقیکردنەوەیەکی زەمینی ئەنجامدا لەسەر ئەوەی کە بە گوتەی خۆی بزوێنەرێکی سووتەمەنی ڕەقە بۆ جۆرێکی نوێی مووشەکی هایپەرسۆنیکی مەودای مامناوەند.