عێراق بنەماکانی سیستمی فیدراڵی پێشێل کردووە

ئاڵای هەرێمی کوردستان و عێراق
ئاڵای هەرێمی کوردستان و عێراق

K24 - هەولێر

لە ساڵی 2005ەوە لە عێراق بە پێی دەستووری نوێ کە زۆرینەی دەنگی عێراقییەکانی بەدەستهێنا، سیستمی فیدراڵیی جێبەجێ دەکرێت، بەڵام دوای تێپەڕینی نزیکەی 19 ساڵ بەسەر جێبەجێکردنی ئەو سیستمەدا، تا ئێستاش بنەماکانی سیستمی فیدراڵیی لە عێراق جێبەجێ نەکراون.

پرسی مووچە و بودجە لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا، ماوەی 10 ساڵە بووەتە کێشەیەکی ئاڵۆز. لە کاتێکدا کە لە دەستوور و یاساکاندا مافی هەرێمی کوردستان پارێزراوە، حکومەتی فیدراڵ لەژێر کاریگەری ئاراستەیەکی سیاسییدا پێچەوانەی بنەماکانی سیستمی فیدراڵیی هەنگاو دەنێت.

سیستمی فیدراڵی وەکو چارەسەر سەیردەکرێت، بۆ ئەو وڵاتانەی کە زیاتر لە نەتەوەیەک تێیاندا دەژی، یان خاوەنی جوگرافیایەکی فراوانن. سیستمەکەش لەسەر چەند بنەمایەک دامەزراوە کە گرنگترینیان بریتییە لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەسەر حکومەتی فیدراڵیی و حکومەتی هەرێمەکان.

پرسەکانی سیاسەتی ئابووری حکومەتەکان و رێکخستنی بابەتەکانی وەکو مووچە و بودجە و گومرگەکان و داهاتی ناوخۆ، لەو پرسانەن کە لە سیستمە فیدراڵییەکاندا بە حکومەتی هەرێمەکان سپێردراوە.

لە زۆرێک لە سیستمە فیدراڵییەکاندا، دارایی حکومەتەکان وا ڕێکخراوە کە ئەو هەرێمانەی خاوەنی داهاتن سەدا 90ـی داهات بۆ هەرێمەکان دەبێت و تەنها سەدا 10 دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتە فیدراڵییەکان.

ئەو هەرێمانەشی کە خاوەنی سەرچاوەی داهاتی وەکو نەوت و کانزاکانی دیکە نین، داهاتە ناوخۆکانی وەکو داهاتی گومرگەکانیان بەشێوەیەک دابەش دەکرێت کە سەدا 75ـی بۆ هەرێمەکان و سەدا 25ـی بۆ حکومەتە فیدراڵییەکان دەبێت.

هەرچی لە پرسی بوودجە و مووچەیە، لە سیستمە فیدراڵییەکاندا، لە تایبەتمەندی حکومەتی هەرێمەکانە، چونکە ئاستی بژێوی تاکەکان و دۆخی ئابووری لە هەرێمێکەوە بۆ یەکێکی دیکە جیاوازیی هەیە و ناکرێت بە شێوەیەکی ناوەندیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی نادادپەروەری.

لە زۆرێک لە سیستمە فیدراڵییەکاندا، تەنانەت هەرێمەکان مافی ئەوەیان هەیە بەشداری لە داڕشتنی سیاسەتی نەختینەییدا بکەن، بۆ نموونە لە ئەمەریکا سەرۆکی لقی بانکی فیدراڵیی لە هەرێمەکان ئەندامی ئەنجوومەنی یەدەگی فیدراڵین و ئەوان بڕیار لە رێژەی سوود و سیاسەتی نەختینەیی دەدەن.

هەموو ئەمانە ئەو راستییە دەردەخەن کە ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت پشتکردنە سیستمی فیدراڵییە و پێشێلکردنی مافە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستانە و پێچەوانەی بنەماکانی سیستمی فیدراڵییە کە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا جێبەجێ دەکرێت.