شارەوانیی دهۆک بۆ هاووڵاتییان: بۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە سێمێل

کۆبوونەوەی ئاو لەسەر رێگەی دهۆک - زاخۆ
کۆبوونەوەی ئاو لەسەر رێگەی دهۆک - زاخۆ

K24 - هەولێر

شارەوانیی دهۆک داوا لە هاووڵاتییان دەکات، بۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە سێمێل و ژیانیان نەخەنە مەترسییەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان لە دهۆک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ شەممە، 23-03-2024، جارێکی دیکە ئاوی باران لە شاخی  "قەشەفرێ" بەرەو سەنتەری سێمێلدا هاتووە، بە تایبەت لە نزیک کۆلیژی چاندن، زانکۆی ئەمەریکی، خان بازاڕ و تاوەکو گەڕەکی "بێدارا".

هەر بۆیە بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە، نەچنە سێمێل و، خۆیان و ئۆتۆمبێلەکانیان رووبەڕووی هیچ مەترسییەک نەکەنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی سێشەممە، 19-03-2024، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بوو. بەهۆی بارانەکە و هەڵسانی لافاو لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شارەکە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و ئاو چووەتە ناو ژمارەیەک خانوو و زیانیان بەرکەوت.

دواتر بە بڕیاری سەرۆک بارزانی، 117 یەکەی نیشتەجێبوون (شوققە) بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک دران. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکە قەرەبوو دەکرێنەوە و ئەوەی پێویست بێت بۆیان دەکرێت.