شارەزایەکی ئابووری: مووچەخۆران لە ڕێگەی هەژماری من دەتوانن سوودمەند بن لە هەموو خزمەتگوزارییەکان

د. ڕامیا وەڵزی، شارەزای ئابووری
د. ڕامیا وەڵزی، شارەزای ئابووری

K24 - هەولێر

شارەزایەکی ئابووری رایگەیاند، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هەژماری من سوود مەند دەبێت لە هەموو خزمەتگوزارییەکان.

ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئاداری 2024، د. رامیار وەڵزی، شارەزای ئابووری، لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، یەکێک لە هێڵە گشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریتی بوو لە ڕێکخستنەوەی کەرتی بانکی و کردنەوەی هەژماری کەسی و هەژمار بۆ فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو بە دیجیتاڵکردنی پارەدانە.

بەگوتەی ئەو، "لە پێناو جیبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی بانکە نێودەوڵەتییەکان و خەزێنەکانی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی پارەی کاش لە بازاڕ و سوودمەندبوونی هاووڵاتییان لەو خزمەتگوزارییە بانکییانەی کە لە جیهانی دەرەوە و تەکنەلۆژیایی دەرەوە فەراهەم کراوە. هەروەها لە پێناو بە دیجیتاڵکردنی کاروبارەکانی حکومەت هەموو ئەوانەش کارئاسانی لە ڕێگەی بانکییەوە دەکرێت".

ڕامیار وەڵزی گوتیشی: "هەژماری من یەکێکە لەو دەستپێشخەرییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو جێبەجێکردنی ئەو کارنامەی هەرێمی کوردستان بوو، بۆ پڕۆسەی پێدانی مووچەی فەرمانبەران ئاسان بکرێت، هەروەها فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەو خزمەتگوزارییە کەرتە بانکییە نێودەوڵەتییانە سوودمەند بێت و لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرێت، دەستیان بگات بە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لە کەرتی بانکی هەژماری مندا دەکرێتەوە."

ئەو شارەزایە دەشڵێت: "کەرتی بانکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕێگای دوو کۆمپانیاوە دەکرێت کە ئەوانیش لە ڕێگەی ڤیزە کارت و ماستەر کارتن کە دوو کۆمپانیایی جیهانین. ئەو حساب بانکییەی کە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە ڤیزە کارت یاخود ماستەر کارت بە دەست دەهێنێت هەمان ئەو کارتەیە کە لە وڵاتانی جیهان کار دەکات، بەپێی ئەو ستانداردەی کە کۆمپانیای ماستەر کارتی جیهانی یاخود ڤیزەکارتی جیهانی دەریکردووە".

راشیگەیاند، هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی کە کەسێک لە ئەمەریکا یاخود بەریتانیا حسابی بانکی هەیە، بە هەمان شێوەش لە هەرێمی کوردستان مووچەخۆر حسابی بانکی دەبێت، هەمان ئەو خزمەتگوزارییانە دەتوانێت بەکار بهێنێت کەلە رێگای ئەو بانکانەی دیکە هەیە.